داوای سەپاندنی سزا بەسەر ناتانیاهۆ دەکرێت و بڕیارە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە


وێستگەنیوز-

لە کاتێکدا فشاری یاسادانەرانی بەریتانیا بۆ سەر حکومەتی ئیسرائیل زیاد دەکات، بنیامین ناتانیاهۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دەدات و هەردوولا رێکدەکەون لەسەر کۆبوونەوەیەک لەماوەیەکی نزیکدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، گرووپێکی فرەحزبی کە لە 71 ئەندام پەرلەمان و لۆردی بەریتانی پێکهاتوون، فشار دەخەنە سەر حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی سزا بەسەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یاریڤ لیڤین، وەزیری داددا بسەپێنێت، یاسادانەران ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل بە تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی دەستبەسەرکراوە فەلەستینییەکان تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن سزاکانی ئێستا کاریگەر نەبوون و دەبێت لێپرسینەوەی زیاتر بکرێت.

هەر لەهەواڵەکەدا هاتووە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، لەو پەیوەندییەدا ناتانیاهۆ رایگەیاندووە کە ئەمریکا "زامنکەری ئازادی جیهانییە" و پیرۆزبایی 250هەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەو وڵاتەی لە ترەمپ کردووە، هەردوولا رێککەوتوون کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ناو خاکی ئەمریکا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، کە لە تاران مەراسیمی پرسەی فەرمی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای ئێران دەستیپێکردووە، کە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لە 28ی شوباتدا گیانی لەدەستداوە، لەو هێرشەدا موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری ئێران بریندار بووە و لەو کاتەوە هیچ وێنەیەکی نوێی بڵاونەکراوەتەوە.

بەهۆی بەڕێوەچوونی مەراسیمی پرسەکەوە، تەواوی گفتوگۆکان سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی سزاکان بە راگیراوی دەمێننەوە، لە نێو جەماوەری ئامادەبووی پرسەکەشدا دروشمی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرزکراونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان دەکەن.


PM:02:23:04/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت