گرژییەکانی شەوی رابردووی نێوان ئەمریکا و ئێران
وێستگەنیوز-
سوپای ئەمریکا و ئێران بە زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆن یەکتریان کردە ئامانج، بەوەش رێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیان کەوتووەتە لێواری هەرەسپێهێنان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجی جیاواز لە ناوخۆی ئێران، هێرشەکان وەک وەڵامێک بووە بۆ ئێران کە لە نزیک گەرووی هورمز بە درۆنێکی خۆکوژی هێرشی کردبووە سەر کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Kiku) کە ئاڵای پەنەمای پێوە بووە و دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ژێرخانی چاودێری سەربازی، سیستەمی پەیوەندی، بەرگری ئاسمانی و کۆگاکانی درۆنی ئێرانیان پێکاوە، سوپای ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ هۆشداری دایە تاران و وتی: "رەنگە بگەینە خاڵێک چیدیکە نەتوانین لۆژیکی بین، ئەگەر ناچار بین بگەڕێینەوە بۆ ناو جەنگ، ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران چیدیکە بوونی نامێنێت"، ترەمپ ئێرانی بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.
لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران بێدەنگ نەبوو و رایگەیاند، لە تۆڵەی بۆردومانکردنی خاکەکەیان، هەشت دامەزراوەی گرنگی سەربازی ئەمریکییان لە بنکەی عەلی سالم لە کوەیت و بنکەی دەریایی مینای سەڵمان لە بەحرەین تێکشکاندووە، سوپای پاسداران هۆشداری دا کە هەر دەستدرێژییەکی دیکە رووبدات، وەڵامەکەیان تێکشکێنەر دەبێت.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بە نێوەندگیری پاکستان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا واژۆ کرابوو بۆ رێگری لە بەکارهێنانی هێز، بەپێی رێککەوتنەکە بڕیار بوو ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ رێڕەوێکی ئارام لە گەرووی هورمز دابین بکات، بەڵام ئێستا سوپای پاسداران دەڵێت رێکاری نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ لە گەرووی دەگرنە بەر و تەنها رێگە بەو کەشتییانە دەدەن کە مۆڵەتی ئەوانیان هەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان چڕکردووەتەوە و حزبوڵڵای لوبنانیش رەتیکردووەتەوە پابەندی هیچ رێککەوتنێکی ئاشتی بێت، ئەمەش مەترسییەکانی تەقینەوەی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
AM:09:12:28/06/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت