لە گەرووی هورمز هێرش دەکرێتە سەر تانکەرێکی بازرگانی بەریتانی
وێستگەنیوز-
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، رووداوێکی ئەمنی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز روویداوە و تەنێکی نەناسراو بەر تانکەرێکی بازرگانی کەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسە بەریتانییەکە، کاپتنی کەشتییەکە رووداوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بەرکەوتنی ئەو تەنە نەناسراوەوە، زیان بە ژووری فەرماندەیی (پردی) کەشتییەکە گەیشتووە.
لە راگەیەندراوەکەی (UKMTO)دا هاتووە، سەرجەم ئەندامانی تاقمی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ قوربانییەک تۆمار نەکراوە، هەروەها رووداوەکە نەبووەتە هۆی هیچ جۆرە رژانێکی سووتەمەنی یان پیسبوونی ژینگەیی لە ناوچەکەدا.
لەکۆتایی راگەیندراوەکەدا هاتووە، تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان رانەگەیاندووە و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ زانینی سەرچاوەی هێرشەکە، هاوکات ئاژانسەکانی ئاسایشی دەریایی ئامۆژگاری سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکانیان کردووە کە لە کاتی تێپەڕبوونیان بەو رێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەدا، بەوپەڕی وریایییەوە بجوڵێنەوە و هەر چالاکییەکی گوماناوی رابگەیەنن.
PM:03:18:27/06/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت