رووسیا لە نیمچەدوورگەی کریمیا باری نائاسایی راگەیاند
وێستگەنیوز-
بەرپرسانی خۆجێی رووسیا لە نیمچەدوورگەی کریمیا، باری نائاسایییان لەسەر ئاستی ناوچەکە راگەیاند، ئەم بڕیارە دوای هێرشە چڕەکانی ئەم دواییەی سوپای ئۆکرانیا دێت کە بوونە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی توندی سووتەمەنی و پچڕانی تەزووی کارەبا لە زۆربەی ناوچەکاندا.
سێرگی ئەکسیۆنۆف، پارێزگاری کریمیا ئاشکرای کرد کە بڕیاریانداوە باری نائاسایی لە کۆماری کریمیا و شاری سێباستۆپۆڵ رابگەیەنن، ئەمەش بە مەبەستی رێکخستنەوەی کارەکانی کەرتە هەستیارەکان، بەهۆی تێکچوونی رێگاکانی گواستنەوە و بەئامانجگرتنی کۆگاکانی نەوت، دەسەڵاتداران فرۆشتنی سووتەمەنییان بە هاوڵاتیان راگرتووە و سیستەمی بەشبەشکردنی کارەبایان جێبەجێ کردووە، هەروەها بڕیاردراوە سەرجەم چالاکییە گەشتیارییەکان و کەمپە هاوینەییەکانی منداڵان تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو رابگیرێن.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، تەنیا لە یەک شەودا توانیویانە 660 درۆنی ئۆکرانی لە ئاسمانی مۆسکۆ و کریمیا بخەنە خوارەوە، کە ئەمە بە یەکێک لە گەورەترین هێرشە درۆنییەکان لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە لە ساڵی 2022 تائێستا دادەنرێت، پارێزگاری ناوچەکەش دانی بەوەدا ناوە کە سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ناتوانن پاراستنی تەواوەتی ناوچەکە دابین بکەن.
هاوکات ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی خەریکە کریمیا لە دەستی رووسیا دەردەهێنێت وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردن، و گوتی: "کریمیا چەقی سیاسەتی ئێمەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ناچارکردنی رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ".
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیەکی زۆر لە رووسییەکان نیمچەدوورگەکە بەجێدەهێڵن و ریزی ئۆتۆمبێل لە چوونە دەرەوەکاندا رۆژ بە رۆژ درێژتر دەبێت، رووسیا لە ساڵی 2014وە کریمیای لکاندووە بە خاکی خۆیەوە، بەڵام ئۆکرانیا و زۆربەی وڵاتانی جیهان جەخت دەکەنەوە کە ئەو ناوچەیە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی ئۆکرانیا.
AM:10:38:27/06/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت