رەزا پەهلەوی: بۆ پۆست و دەسەڵات نەهاتووم و دەمەوێت ببمە هۆکاری گۆڕانکاری


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، رەزا پەهلەوی، چالاکوانی سیاسی ئێرانی و کوڕی محەمەد رەزا شای پێشووی ئێران، لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە دۆخی ئێران و داهاتووی خەباتی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند، بێ گوێدانە ئەوەی ئایا پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکرێت یان نا، تێکۆشانی ئەوان بەردەوام دەبێت و ئێستا خەریکی خۆرێکخستنەوەی ریزەکانیانن.


رەزا پەهلەوی ئاماژەی بەوە کرد، پێی وایە خەڵکی ئێران لە کۆتاییدا و لە کاتی گونجاودا دەرفەتێکی دیکە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان. وتیشی: "ئێمە خۆمان رێکدەخەینەوە و ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری دەکەین".

سەبارەت بە هاوکارییە ئابوورییەکانی وڵاتان بۆ ئێران، پەهلەوی هۆشداری توندیدا و وتی: "ئەگەر پاداشتی رژێمێک بدەیتەوە کە سەرانەت لێ دەستێنێت بەوەی بەڵێنی ئاسانکاری ئابوورییان پێ بدەیت، ئەوا تەنها برینەکان قووڵتر دەکەیتەوە، چونکە ئەو پارەیە ناگاتە دەست خەڵک و بەرپرسانی رژێم بۆ خۆیانی دەهێڵنەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رەزا پەهلەوی تیشکی خستە سەر پێگەی سیاسی خۆی و دووپاتی کردەوە: "هەرگیز مەبەستم ئەوە نەبووە خۆم بۆ پۆست یان پلەوپایەیەک بپاڵێوم، بەڵام من لە پێگەیەکی بێهاوتادام بۆ ئەوەی ببمە بکەری گۆڕانکاری و قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات، چونکە متمانەیەک بە من هەیە".

پەهلەوی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە گۆڕانکاری خێرای مانشێتەکان و لێدوانە سیاسییەکان کرد و وتی، ئەو مانای زۆر و خوێندنەوەی زیادە بۆ هیچ لێدوانێک ناکات و بەردەوام دەبێت لەسەر ئامانجەکانی بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا.


PM:02:49:25/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت