ماکرۆن: رێگە نادەین کەشتیگەلی سێبەر بودجەی جەنگ بۆ روسیا دابین بکەن


وێستگەنیوز-

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی رۆژی سێشەممە دەستی بەسەر نەوتهەڵگری "دێلیڤەر"دا گرتووە، کاتێک بە کەناراوەکانی سیسیلیادا تێپەڕیوە.


بە وتەی سەرۆکی فەرەنسا، ئەو نەوتهەڵگرە یاسا دەریاییەکانی پێشێل کردووە و بەشێکە لە "کەشتیگەلی سێبەر"ی روسیا، کە هەوڵ دەدەن لەو رێگەیەوە سزاکان تێپەڕێنن و پارە بۆ هەوڵە جەنگییەکانی مۆسکۆ دابین بکەن. ماکرۆن جەختی کردەوە: "رێگە نادەین کەشتیگەلی سێبەر لە سزاکان رابکەن و بودجەی جەنگ بۆ روسیا دابین بکەن".

ئەم ئۆپەراسیۆنەی فەرەنسا تەنها چەند رۆژێک دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی شانشینی بەریتانیا دێت، ئەمەش نیشاندەری پێداگریی وڵاتانی ئەوروپایە لەسەر جێبەجێکردنی سزاکان.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوروپا پێداگیرە و هەموو هەوڵە پێویستەکان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی تێچووی جەنگ لەسەر روسیا زیاد بکات، بە ئامانجی رەخساندنی زەمینە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەهێز و بەردەوام لە ئۆکرانیا.


PM:01:38:25/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت