کیم جۆنگ ئون: پڕچەککردنی کەشتییەکان بە چەکی ئەتۆمی بەپێی پلانەکەی خۆم بەبێ هەڵە بەردەوامە.
وێستگەنیوز -
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا کەشتی تێکشکێنەری "چۆی هیۆن"ی بە کێشی 5000 تۆن خستە خزمەتەوە و رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی چووەتە قۆناغێکی نوێوە و چیتر تەنها ئەرکی بەرگری لە کەناراوەکانی نییە.
کیم جۆنگ ئون ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سەردەمە کۆتایی هات کە هێزی دەریایی تەنها وەک هێزێکی بەرگری لە دەریاکانی نزیک خاکەکەیان بوونی هەبێت، بەڵکو ئێستا خەریکە دەبێتە هێزێکی تەیار بە ئامرازە ستراتیژییەکان و بەرنامەی پڕچەککردنی کەشتییەکانیش بە چەکی ئەتۆمی، بەپێی رێڕەوە پلاندانراوەکەی خۆی و بەبێ هەڵە بەردەوامە.
کەشتییە نوێیەکەی پیۆنگیانگ، تەیار کراوە بە سیستەمی مووشەکی پێشکەوتووی دژە کەشتی و دژە فڕۆکە، هاوکات توانای هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی و کرووزی هەیە کە کڵاوەی ئەتۆمییان لەسەر جێگیر دەکرێت، شارەزایانی سەربازیی پێیان وایە ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی مەترسیدارە بەرەو هەڕەشەیەکی ئەتۆمیی دەریایی بەهێزتر لە زەریای هێمن.
سەرۆکی کۆریای باکوور جەختی لەوە کردەوە کە تەماحی ئەوان فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنەکان و بەهێزکردنی توانای هێرشی پێشوەختەیە، راشیگەیاند، بەم زووانە کەشتی تێکشکێنەری "کەنگ کۆن" دەخەنە خزمەتەوە و لە دوای ئەویش، یەک لە دوای یەک کەشتی جەنگی ستراتیژی گەورەتر رەوانە دەکەن، کە کێشی هەر یەکێکیان دەگاتە 10 هەزار تۆن.
AM:09:21:24/06/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت