ترەمپ هێرش دەکاتە سەر ئەنجومەنی پیران
وێستگەنیوز -
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرشێکی توندی کردە سەر ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەی و تۆمەتباری کردن بەوەی بە بڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی بەرانبەر بە تاران، خزمەتیان بە دوژمن کردووە و پێگەی واشنتۆنیان لاواز کردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە ئێستادا لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و گەیشتووەتە لێواری رووخانی تەواوەتی، راشیگەیاند کە تاران ئامادەی هەموو جۆرە سازشێکە و رێزێکی بێئەندازە بۆ ئەمریکا و سەرۆکەکەی دادەنێت، بەڵام دەنگدانی ئەنجومەنی پیران لەسەر یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ ئەم هاوسەنگییەی تێکداوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پیرانی بە بێمانا و خراپ وەسف کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە وەک پشتیوانی و دڵنەواییەک وایە بۆ تاران، چونکە پەیامی ئەوەیان پێ دەدات کە سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت رێکاری پێویستیان بەرانبەر بگرێتەبەر.
هەروەها ترەمپ رەخنەی توندی لە چوار سیناتۆری کۆماری گرت کە لەم بڕیارەدا چوونەتە پاڵ دیموکراتەکان و وتی: "ئەم سیناتۆرانە تەنها کارەکەی منیان قورستر کرد، بەڵام من بە هەر شێوەیەک بێت کارەکان بە ئەنجام دەگەیەنم، چونکە من هەمیشە دەگەمە ئەنجام".
ئەم کاردانەوەیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 50 دەنگی بەڵێ بەرانبەر 48 دەنگی نەخێر، بڕیارێکی بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران پەسەند کرد.
هەرچەندە بڕیارەکە لە رووی یاساییەوە پابەندکەر نییە، بەڵام وەک رەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی کۆنگرێس و بەشێک لە کۆمارییەکان لەبەرانبەر تێوەگلانی سەربازیی ئەمریکا لە ململانێکانی ناوچەکەدا دەبینرێت.
AM:09:05:24/06/2026
ئهم بابهته 428
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت