سەرۆک وەزیرانی قەتەر: رێگە نادەین گەرووی هورمز بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی یەک لایەنەوە


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ فایننشال تایمز رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک دۆخێک قبوڵ ناکات کە تێیدا گەرووی هورمز وەک تاقە دەروازەی ئەوان بۆ جیهان، لەژێر کۆنترۆڵی یەک لایەندا بێت.


سەرۆک وەزیرانی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، هەر پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەبێت بە شێوەیەک بێت کە ئێران، عومان و وڵاتانی کەنداو تێیدا بەشدار بن و تاوتوێی بکەن، راشیگەیاند کە وڵاتەکەی دژی هەر هەنگاوێکی ئێرانە بۆ سەپاندنی باج و رسومات لەسەر تێپەڕبوون لەو گەرووەدا.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش، ئال سانی ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی سویسرا بناغەیەکی باشیان بۆ دانوستانەکانی رێککەوتنی هەمیشەیی داناوە و لە ئێستاشدا لەگەڵ پاکستان بەردەوامن لە نێوەندگیرییەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی لوبنان و وتی: "میکانیزمێک بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان هەیە کە ئاگربەست لەخۆدەگرێت، بەڵام ئیسرائیل لە جیاتی هێورکردنەوە، زیاتر پەرە بە پێکدادانەکان دەدات".

سەرۆک وەزیرانی قەتەر جەختی لە پێویستی دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران کردەوە بۆ رێگریکردن لە تێکدانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا گەرووەکە کراوەیە و دڵنیاییان پێگەیشتووە کە هیچ فەرمانێک بۆ داخستنی نەدراوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد، ئامانجی ناوچەیی لە ئێستادا بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ئەمنیی نوێیە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئێراندا، رەنگە لە داهاتوودا داوا لە وڵاتانی کەنداو بکرێت پارەی سندوقێکی وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ ئێران دابین بکەن، کە بڕی 300 ملیار دۆلاری بۆ پێشنیار کراوە و وەک ژمارەیەکی بەرزخوازانە وەسفی کرد.


AM:08:41:24/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت