قالیباف: گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و ئەندامی باڵای شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی، چەند زانیارییەکی نوێی لەبارەی دۆخی گەرووی هورمز و هۆکاری کشانەوەیان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کرد.
قالیباف لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت و دۆخی ئەم گەرووە چیتر ناگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی شەڕ"، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێڵێکی تەلەفۆنییان داناوە بۆ ئەوەی ئەو کەشتییانەی هەست بە نیگەرانی دەکەن پەیوەندییان پێوە بکەن، تا بە ئاسایشی زیاترەوە تێپەڕ بن.
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە، کە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکام) پێشتر رایگەیاندبوو کە 55 کەشتی بارهەڵگر بە ئاسایی لەو رێرەوە ئاوییە ستراتیژییەوە تێپەڕیون.
سەبارەت بە پرۆسەی گفتوگۆکانیش، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پەردەی لەسەر هۆکاری جێهێشتنی مێزی دانوستانەکان لادا و وتی: "لە ناوەڕاستی گفتوگۆکاندا زانیمان کە ترەمپ هەڕەشەی لە سەرۆک و تیمی دانوستانکار و خاکی ئێران کردووە، بۆیە دەستبەجێ کۆبوونەوەکەمان جێهێشت".
قالیباف روونیکردەوە کە بە لایەنی ئەمریکییان وتووە: "ئێمە هەرگیز لەژێر هەڕەشە و فشاردا دانوستان ناکەین"، ئاماژەی بەوەش کرد کە دواتر ئەمریکییەکان لە رێگەی وڵاتانی قەتەر و پاکستانەوە داوای کۆبوونەوەی تریان کردووە، بەڵام ئێران رەتیکردووەتەوە بە شێوەی راستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ بکات و تەنها لە رێگەی ناوبژیوانەکانەوە پەیامەکان گۆڕدراونەتەوە.
AM:08:48:23/06/2026
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت