سەرۆک وەزیرانی قەتەر: هەندێک لە رەفتارەکانی ئێران لە کاتی جەنگدا قبوڵنەکراو بوون
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، دەوڵەتی قەتەر لەگەڵ پاکستان کاردەکات بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی تۆکمە بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە پرۆسەی دانوستانەکان و پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان لایەنە ناکۆکەکان.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر رەخنەی توندی لە رەفتارەکانی ئیسرائیل گرت و وتی: "کوشتنی نزیکەی 100 لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا و لە کاتی ئاگربەستدا، بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە"، جەختیشی کردەوە کە پێویستە چارەسەرەکان دیپلۆماسی بن بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکە و لەدەستدەرچوونی دۆخەکە.
سەبارەت بە گەرووی هورمز و رێککەوتن لەگەڵ ئێران، وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاشکرای کرد، کە هەڵوێستی بنەڕەتیی وڵاتەکەی رەتکردنەوەی گۆڕینی دۆخی گەرووی هورمزە و دەبێت وەک پێش جەنگ بە کراوەیی بمێنێتەوە، وتیشی: "بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە، ئێران پابەند دەبێت لە ماوەی 60 رۆژدا تێپەڕبوونی سەلامەت لە گەرووی هورمز دابین بکات، هەروەها رێککەوتن کراوە لەسەر دامەزراندنی هێڵێکی گەرم بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک کە بێتە پێشەوە".
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کۆدەنگییەکی کەنداوی هەیە بۆ داڕشتنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای متمانە، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لە رەفتارەکانی ئێران لە کاتی جەنگدا قبوڵنەکراو بوون.
لە کۆتاییدا، سەرۆک وەزیرانی قەتەر هیوای خواست جۆش و خرۆشی دانوستانەکان دۆزی فەڵەستینیش بگرێتەوە و ببێتە هەوێنێک بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی، وەک تاکە رێگە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
PM:03:30:22/06/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت