جەی دی ڤانس وردەکاریی رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لە دانانی بناغەیەک بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا پێشکەوتنی زۆر باش بەدەستهاتووە.
ڤانس ئاشکرای کرد، کە رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و میكانیزمێكیشیان بۆ رێگریکردن لە گرژی و تەقەکردن داناوە، وتیشی: "رێک ئەو کارەمان ئەنجامدا کە دەمانویست، گفتوگۆ تەکنیکییەکانیش بەدرێژایی هەفتە بەردەوام دەبن".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران رازی بووە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەپرسی ئەتۆم بۆ ناو وڵاتەکەی بانگهێشت بکات، هەروەها سەبارەت بەو پارە بلۆککراوانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، ڤانس جەختی کردەوە: "دەبێت دڵنیابین کە ئەو پارانە بۆ خزمەتی خەڵکی ئێران خەرج دەکرێن نەک بۆ تیرۆر".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەی دی ڤانس باسی لە هەڕەشەکانی ئێران کرد بۆ جێهێشتنی دانوستانەکان و وتی: "بە ئێرانییەکانمان گوتووە کاتێک ئێوە دەست دەکەن بە کەمپینکردن و وتنی قسەی بێهودە، ناتوانن چاوەڕوان بن ترەمپ وەڵامتان نەداتەوە، کاتێک ئەوان شتانێک دەڵێن کە راست نین، ترەمپ وەڵامیان دەداتەوە".
سەبارەت بە دۆخی لوبنانیش، ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا دۆخەکە ئارامتر بووە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل مافی بەرگری لە خۆی هەیە، بەڵام کار لەسەر میكانیزمێك دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت.
PM:02:41:22/06/2026
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت