لەرۆژی رابردووەوە جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمزکەمبۆتەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، داتاکانی تایبەت بە گواستنەوەی دەریایی ئاشکرای دەکەن، کە جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز لە رۆژی یەکشەممەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئێران جارێکی تر داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەی راگەیاند، بە پاساوی ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل رێککەوتنی ئاشتیی کاتییان پێشێل کردووە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ شیکاری دەریایی، ژمارەی ئەو کەشتییانەی رۆژی یەکشەممە بە گەرووەکەدا تێپەڕیون بۆ 5 کەشتی دابەزیوە، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر 26 کەشتی بووە، ئەم دابەزینە گەورەیە رەنگدانەوەی ئەو گرژییە پەرەسەندووانەیە کە دوای هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بۆ داخستنی گەرووەکە دروست بووە.
گریگ کارلسترۆم، پەیامنێری گۆڤاری ئیکۆنۆمیست بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات، کە کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە ئایا کۆمپانیاکانی گواستنەوە و دڵنیایی (تەئمین) تا چەند متمانەیان بە سەلامەتیی گەرووەکە ماوە، ناوبراو دەڵێت: "هەرچی مشتومڕ لەسەر دۆخی گەرووەکە زیاتر بێت، دوودڵیی کۆمپانیاکان بۆ تێپەڕین پێیدا زیاتر دەبێت، چونکە مەترسیی پەککەوتنی کەشتییەکانیان هەیە".
سەرەڕای ئەم دۆخە، ئەمڕۆ دووشەممە چوار کەشتیی گواستنەوەی گازی سروشتیی شل (LNG)ی سەر بە قەتەر بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕین، کە یەکەم تێپەڕبوونی لەو شێوەیەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی شوباتی رابردوو، هەروەها کەشتییەکی گواستنەوەی کەلوپەلی وشک بە ناوی سەمت سەکسیز کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی پێوەیە، چوووەتە ناو کەنداو.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، رۆژی شەممە 55 کەشتیی بازرگانی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون کە زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو، هاوکات حەمید بۆرد، سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران رایگەیاندووە کە لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە زیاتر لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتەکەی بەو رێڕەوەدا گواستراوەتەوە.
AM:11:43:22/06/2026
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت