ئیسماعیل قائانی هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل: هەمان چارەنووسی ساڵی 2000 چاوەڕێتان دەكات


وێستگەنیوز-

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە رێگەی پێگەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی توندی بەزمانەکانی فارسی، عەرەبی، عیبری و ئینگلیزی ئاراستەی سوپای ئیسرائیل کرد و هۆشداریی دانێ لە مانەوەیان لە خاکی لوبنان.


قائانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل لە رێڕەوی ئێستای لە باشووری لوبنان پاشەکشە نەکات، کارەساتی ساڵی 2000 دووبارە دەبێتەوە، وتیشی: "ئەگەر ئیسرائیلی داگیرکار بە پێیەکانی خۆیان لە باشووری لوبنان نەکشێنەوە، ئەوا بە سەرشۆڕی و تێکشکان و بە شەق دەریان دەکەین"، داواشی کرد بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم هۆشدارییە بە جدی وەربگرن و بڕیارێکی ژیرانە بدەن.

ئەم هۆشدارییەی فەرماندەی فەیلەقی قودس ئاماژەیە بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان لە ساڵی 2000دا، کە دوای 18 ساڵ لە ئامادەیی سەربازی روویدا، ئەو رووداوە لەلایەن حزبوڵا و لایەنگرانیەوە تا ئێستاش وەک سەرکەوتنێکی ستراتیژی گەورە وێنا دەکرێت و قائانیش هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی هەمان دیمەن دەکات ئەگەر ئیسرائیل پاشەکشە نەکات

پەیامەکەی ئیسماعیل قائانی لە کاتێکدایە، کە سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامن و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە 100 هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، رۆژی یەکشەممە گەڕێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بەڕێوەچوو، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پرسی لوبنان و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بووە، چونکە ئەم پرسە وەک بەشێکی سەرەکی لە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.


AM:10:50:22/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو