ناتانیاهۆ: پێش ئەوەی بتکوژن، بیانکوژە
وێستگەنیوز-
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر مانەوەی هێزەکانی لە باشووری لوبنان راگەیاند و جەختی کردەوە کە تا ئەو کاتەی پێویست بێت، سەربازەکانیان لەو ناوچانەدا دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر گفتوگۆکانی ئاشتیش بەردەوام بن.
ناتانیاهۆ لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە لووتکەی نێودەوڵەتیی سیاسەتی JNS، ئاماژەی بەوە کرد کە گوێی بەو هۆشدارییانە نەداوە کە پێشتر لەبارەی چوونە ناو رەفەح و هێرشکردنە سەر حزبوڵا و رووبەڕووبوونەوەی ئێران پێی دراوە، وتیشی: "ئێمە سەرکردەی وڵاتێکی سەربەخۆ و سەربەرزین، زۆرجار لەگەڵ ترەمپ هاوڕاین و هەندێک جاریش هاوڕا نین، بەڵام ئەوەی دەوترێت کە لایەنێک ئەوی تر کۆنترۆڵ دەکات، راست نییە".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر مانەوەی هێزەکانی لە ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان کردەوە و بەرەنگاری ئەو فشارە دیپلۆماسییانە بووەوە کە داوای راگرتنی هێرشەکان دەکەن، ناوبراو ستراتیژی سەربازیی وڵاتەکەی بە دەستەواژەیەکی عیبری تەلمودی کورت کردەوە و وتی: "پێش ئەوەی بتکوژن، بیانکوژە"، کە ئاماژەیە بۆ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر دوژمنەکانیان.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، ناتانیاهۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای وڵاتەکەی بەرانبەر هەر مەدەنییەک، پێنج شەڕکەری حزبوڵای کوشتووە، ئەم لێدوانانە لە کاتیكدان کە ئامارە فەرمییەکانی لوبنان باس لەوە دەکەن تەنها لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا 130 مەدەنی کوژراون و لە سەرەتای مانگی ئازارەوە تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 100 کەس لە لوبنان گیانیان لەدەستداوە.
ئەم هەڵوێستە توندانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن و بەپێی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە 73 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە ئەمەش کاردانەوەی توندی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.
AM:09:43:22/06/2026
ئهم بابهته 428
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت