ئیسماعیل بەقایی: راگەیەندراوێکی هەڕەشەئامێزی ئەمریکا، وایکرد ئێران بەردەوام نەبێت لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، بە ئامادەبوونی لایەنە نێوەندگیرەکان، میكانیزمێكی تایبەت بۆ دەستەبەرکردن و چاودێریکردنی بەردەوامیی پرۆسەی ئاگربەست لە لوبنان و سەرجەم بەرەکانی تری شەڕ داڕێژراوە.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆبوونەوەکان لە بەیانی رۆژی یەکشەممەوە دەستیان پێکردووە، بەڵام بەهۆی بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی هەڕەشەئامێز لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ئێران بڕیاریدا بەردەوام نەبێت لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە.

بەقایی وتیشی: "قەتەر و پاکستان هەوڵیاندا گفتوگۆکان بەردەوام بن، ئێمەش رامانگەیاند کە دەکرێت گفتوگۆکان بەردەوام بن، بەڵام نەک بە شێوازی چوارقۆڵی، چونکە روانگەی شاندی ئێرانی ئەوەیە کە دەبێت لایەنی بەرانبەر بەرپرسیار بکرێت لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی".

سەبارەت بە ئامانجی گفتوگۆکان، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، کە دەبێت شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکان و بەتایبەت لە لوبنان کۆتاییان پێبێت، هەروەها گفتوگۆش لەسەر ئەو بڕگانە کراوە کە بۆ دەستپێکردنی دانوستانە کۆتاییەکان پێویستن.

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، ئیسماعیل بەقایی ئاشکرای کرد، کە لە گفتوگۆکاندا پرسی دەرکردنی مۆڵەت بۆ فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران تاوتوێ کراون و پێشکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە، هاوکات سەبارەت بە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا، رێککەوتن لەسەر رێکخستنی میكانیزمێكی گونجاو کراوە.


AM:08:55:22/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو