کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵات لە قاهیرە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2026، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە قاهیرە پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سعوودیە و پاکستان کرد، ئەم دیدارە لە چوارچێوەی چوارەمین کۆبوونەوەی گرووپی چوارقۆڵی دێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران.
باڵیۆز محەمەد شیناوی، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری میسر رایگەیاند، سیسی جەختی لە گرنگی ئەم میکانیزمە راوێژکارییە کردووەتەوە و پێشنیاری کردووە کە هاوکاری نێوان میسر، سعوودیە، تورکیا و پاکستان ببێتە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی کارا بۆ داڕشتنی چارەسەری گشتگیر بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە.
چاودێریکردنی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیە، بەدواداچوونە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە 14 بڕگەییەی کە لە 14ی حوزەیرانی 2026 لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئیمزا کرا، رێککەوتنەکە تایبەتە بە راگرتنی جەنگ بە جەنگی لوبنانیشەوە، کردنەوەی گەرووی هورمز و لادانی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران.
ئەم کۆبوونەوەیەی قاهیرە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە سویسرا لە نێوان تاران و واشنتۆن بۆ تەواوکردنی لێکتێگەیشتنەکان.
جگە لە پرسی ئێران، وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵات بەدر عەبدولعاتی، فەیسەڵ بن فەرحان، هاکان فیدان و محەمەد ئیسحاق دار تاوتوێی چەندین دۆسیەی تریان دەکەن، لەوانە:
- پەرەسەندنەکانی دۆخی غەززە و گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ دۆزی فەڵەستین.
- بارودۆخی سوودان، لیبیا و قۆچی ئەفریقا.
- پەرەپێدانی هەماهەنگی ئابووری و سیاسی لە نێوان هەر چوار وڵاتەکەدا.
ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەم چوار وڵاتەیە لە دوای هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، کۆبوونەوەکانی پێشوو لە شارەکانی ریاز، ئیسلام ئاباد و ئەنتالیا بەڕێوەچوون، وەزیرانی بەشداربوو ستایشی رۆڵی میسریان کرد لە کۆکردنەوەی ئەم وڵاتانە و جەختیان لە هاوڕایی خۆیان کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئەم هەماهەنگییە و گۆڕینی بۆ دامەزراوەیەکی کارا بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی.
PM:01:41:21/06/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت