بەریتانیا چاوەڕێی حەوتەمین سەرۆکوەزیران دەکات
وێستگەنیوز-
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کێیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەهۆی فشارە زۆرەکانی ناوخۆی پارتەکەی و زنجیرەیەک شکستی سیاسی، بڕیاریداوە رۆژی دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، بە فەرمی دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە.
رۆژنامەی ئۆبزێرڤەر بڵاویکردەوە، ستارمەر ئێستا لە هاوینەهەواری شاهانەی چێکەرز لەگەڵ راوێژکارەکانی خەریکی تاوتوێکردنی نەخشەی کشانەوەیەکی رێکخراوە، هەرچەندە سەرچاوەیەک لە حکومەتەوە دەنگۆکانی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز هەمان هەواڵی پشتڕاستکردووەتەوە.
چەندین هۆکاری سەرەکی بوونەتە هۆی ئەوەی پێگەی ستارمەر لەرزۆک بێت، لەوانە:
1. شکستهێنان لە رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و بەرزبوونەوەی ئاستی تاوان.
2.کێشە ئابوورییەکان، زیادبوونی باج و بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و پسوڵەکان.
3. دەرکردنی پیتەر مەندڵسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا لە ساڵی 2025، بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستاین.
4. دەستلەکارکێشانەوەی جۆن هیلی، وەزیری بەرگری کە ستارمەری تۆمەتبار کرد بەوەی بودجەی پێویستی بۆ سوپا دابین نەکردووە.
لە ئێستادا زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران بە ئاشکرا داوای رۆیشتنی ستارمەر دەکەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پارتەکە لە مانگی ئایاردا زیاتر لە 1100 کورسی ئەنجوومەنە ناوخۆییەکانی لەدەستدا، لە بەرانبەردا پارتی ریفۆرم سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، هەروەها ئالان جۆنسۆن، وەزیری پێشووی ناوخۆ، بە راشکاوی بە ستارمەری گوتووە: "هەموو شتێک کۆتایی هات".
ئەگەر ستارمەر رۆژی دووشەممە کشانەوەی خۆی رابگەیەنێت، بەریتانیا لە ماوەی تەنها یەک دەیەدا حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی دەبێت، کە ئەمەش خێراترین گۆڕانکارییە لە مێژووی سیاسی ئەو وڵاتەدا لە ماوەی 200 ساڵی رابردوودا، ئێستا چاوەکان لەسەر ئاندی بێرنهام-ن کە بە فەرمی گەڕایەوە ناو پەرلەمان و وەک رکابەرێکی بەهێز بۆ سەرکردایەتی پارتەکە دەبینرێت.
AM:11:22:21/06/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت