یائیر لافید: ناتانیاهۆ لە سیاسەتەکانی بەرامبەر ئێران و ئەمریکا شکستی هێناوە


وێستگه‌نیوز-

ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، یائیر لافید، رێبەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لەلێدوانێکی نوێیدا رەخنەی توندی لە بنیامین ناتانیاهۆ گرت و رایگەیاند، کە ناوبراو لە قایلکردنی ئەمریکا بۆ لێدانی دامەزراوە نەوتی و وزەییەکانی ئێران، بەتایبەت لە دوورگەی خارگ، سەرکەوتوو نەبووە.

یائیر لافید ئاماژەی بەوە کردووە، کە ناتانیاهۆ نەیتوانیوە هیچ جێگرەوەیەک بۆ دروستکردنی فشاری ئابووری لەسەر رژێمی ئێران بخاتە روو و دەڵێت: "ئەگەر هێرش نەکەیتە سەر ژێرخانی وزە، ئەی چۆن دەتوانیت خاڵی فشاری ئابووری دروست بکەیت؟".

رێبەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، ناتانیاهۆ پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، نەیتوانی پشتگیری سیاسی لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستبهێنێت، نە لە ناو ئیدارەی ئەمریکا و نە لە ناو بزووتنەوەی ماگادا، جگە لەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکرات بەتەواوی هەرەسیان هێناوە.

یائیر لافید جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناتانیاهۆ گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هورمزی فەرامۆش کردووە، کە کرۆکی بابەتەکەیە، لافید دەڵێت: "لەو ساتەی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، تره‌مپ چیتر سەیری ئیسرائیلی نەدەکرد، بەڵکو سەیری هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و بنکە جەماوەرییەکەی خۆی دەکرد کە رقیان لە شەڕ بوو".

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، رێبەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ بەردەوام پاڵی بە شەڕی دژی ئێرانەوە دەنا، بەبێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکات کە ئەم شەڕە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمریکا و وێستگەکانی ئۆهایۆ دەبێت، ئەمەش وایکرد تره‌مپ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەی پێش بخات.


PM:03:26:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت