وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتە تاران و ئیسرائیل هەوڵ دەدات رێگری لەرێککەوتنەکەی ئێران و ئەمریکا بکات


وێستگه‌نیوز-

ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، موحسین رەزا نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.


بەپێی زانیارییەکان، سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و راوێژکردن لەسەر کۆمەڵێک پرسی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە دێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە سویسرا بەڕێوەبچێت، کە تێیدا شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عەراقچی و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف بەشدارن.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیار بوو دوێنێ هەینی دانوستانەکان دەست پێ بکەن، بەڵام بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دواخرا، هاوکات هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات رێگری لە گەیشتن بە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک لە نێوان واشنتۆن و تاران بکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دەستپێکردنی قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەندە بە جێبەجێکردنی پێنج بەندی سەرەکی یاداشتەکەوە، ئەو بەندانەش بریتین لە راگرتنی جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، کردنەوەی گەرووی هورمز، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان و لێخۆشبوونی سزاکانی نەوت.

لەهەمان کاتدا دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشانداوە کە بتوانرێت لە ماوەی 60 رۆژدا و بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی هەفتەی رابردوو واژۆ کراوە، هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێن.


AM:11:17:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت