رێککەوتن لەگەڵ ئێران باڵی راستی ئەمریکا پەرت دەکات
وێستگهنیوز-
دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکانی ئەمدواییەی نێوان واشنتۆن و تاران، شەڕێکی ناوخۆیی سیاسیی توند لەناو لایەنگرانی ترهمپ و باڵی راستی ئەمریکا سەریهەڵداوە و کۆشکی سپیش هێرش دەکاتە سەر متمانەپێکراوترین هاوپەیمانەکانی.
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ کەوتووەتە رووبەرووبوونەوەی ئەو کەسایەتییە پارێزگارانەی کە رەخنە لە رێککەوتنەکە دەگرن، لە نوێترین پەرەسەندندا، هەژماری فەرمیی وەڵامدانەوەی خێرای کۆشکی سپی (Rapid Response 47)، هێرشێکی توندی کردە سەر باتیا ئۆنگار-سارگۆن کە شرۆڤەکارێکی دیاری لایەنگری ترهمپە، دوای ئەوەی ناوبراو رێککەوتنەکەی بە سەرشۆڕییەکی تەواو بۆ ئەمریکا وەسف کردبوو.
کۆشکی سپی لە وەڵامەکەیدا بە زمانێکی توند هێرشی کردووەتە سەر ئەو شرۆڤەکارە و بە بێئومێد و خاوەن بەرنامەی شکستهێناو ناوی بردووە، هەروەها نووسیویەتی: "تەنها گەوجێکی وەک ئەو دەتوانێت گومان لە سەرکردایەتی ترهمپ بکات".
هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش کەوتووەتە بەر شاڵاوی رەخنەی پارێزگارەکان، دەیڤد ریابۆی، یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی باڵی راست، ڤانسی تۆمەتبار کردووە بەوەی تووشی رزینبوونی مێشک بووە و بەرگری لە تاران دەکات، لە بەرانبەردا کۆشکی سپی ئەو نووسەرەی بە کەسێکی بێناونیشان و شکستخواردوو وەسف کردووە.
ئەم ململانێیە تەنها کەسایەتییە میدیاییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی پارتی کۆماری وەک مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆک، سیناتۆر تێد کروز و مارک لیڤین نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە، ئەوان دەترسن ئەم رێککەوتنە هاوشێوەی ئەو ئاشتەواییە بێت کە پێشتر ئۆباما لەگەڵ ئێران ئەنجامی دابوو.
لە بەرانبەر ئەم رەخنانەدا، ئیدارەی ترهمپ ستراتیژی هێرشکردنی هەڵبژاردووە، جەی دی ڤانس نەیارەکانی بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیانەوێت ململانێکان بەردەوام بن، هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خودی ترهمپ رەخنەگرەکانی ناو باڵی راستی بە گەوج ناوبردووە.
ئەم شەڕە ناوخۆییە لە کاتێکدایە کە ئۆنگار-سارگۆن و ریابۆی ساڵانێکی زۆر وەک بەرگریکاری سەرسەختی ئەجێنداکانی ترهمپ ناسرابوون، بەڵام دۆسیەی ئێران درزێکی گەورەی خستووەتە ناو ماڵی پارێزگارانی ئەمریکا.
AM:09:00:20/06/2026
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت