شاندی ئەمریکا و ئێران روو لە سویسرا دەکەن


وێستگه‌نیوز-

جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی چوونەتە قۆناغێکی جیدییەوە و بڕیارە لە سویسرا گەڕی یەکەمی دانوستانە راستەوخۆکان دەست پێ بکات.


ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بەرەو سویسرا بەڕێوەیە، هاوکات جارد کوشنەری زاوا و نێردەی دۆناڵد تره‌مپ پێشوەختە لەو وڵاتەیە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی رێرەوی دانوستانەکان دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی دیجیتاڵی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

لە لایەکی دیکەوە، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆکان بەرەو سویسرا بڕوات، بەپێی زانیارییەکان، ئێران بە لایەنە ناوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە راگرتنی شەڕ لە لوبنان چەقی گفتوگۆکانە و مەرجێکی سەرەکییە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان.

هەرچەندە بڕیار بوو دوێنێ هەینی یەکەم کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پاکستان و قەتەر وەک ناوەندگیر ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییە لۆجستییەکان و پەرەسەندنی بارودۆخی لوبنان، گفتوگۆکان بۆ چەند رۆژێکی دیکە دواخران.

لە ئێستادا رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە سویسرایە و لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکانی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی لایەنە هونەرییەکانی ریککەوتنەکەیە، ئامانجی ئەم دانوستانانە گەیشتنە بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، کە بابەتەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان، داراییە بلۆککراوەکان و راگرتنی گرژییەکان لەخۆ دەگرێت.

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشانداوە کە بتوانرێت لەو ماوەیەدا کۆتایی بە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ تاران بهێنرێت، هەرچەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات رێگری لە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک بکات.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە لە 18ی حوزەیراندا، واشنتۆن و تاران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستی پێکردبوو، لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان و گەڕانەوەی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ گەرووی هورمز.


AM:08:20:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت