لی جای میۆنگ: کۆریای باکوور ئێمە وەک دوژمنکارترین دەوڵەت دەبینێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە لێدوانێکی نوێدا ئاماژەی بە وردەکاریی گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ترهمپ خواستی جدی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، بەڵام لە دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە بێهیوایە.
سەرۆکی کۆریای باشوور ئاشکرای کرد، ترهمپ پێی وایە دەبوو پێش ئەوەی کۆریای باکوور ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی راستەقینە، هەنگاو بنرایە، لی جای میۆنگ لەبارەی ئێرانەوە وتی، "بە ترهمپم راگەیاندووە کە سزاکان و گوشارەکان چیتر کاریگەر نین و شێوازی کارکردنی ئێستا سوودی نییە، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئاسایشی رژێمەکەی تاران و پرسی ئەتۆمییەوە هەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لی جای میۆنگ ئاماژەی بە داواکارییەکی ترهمپ کردووە سەبارەت بەوەی ئایا کۆریای باشوور دەتوانێت بە خێرایی 10 کەشتیی جەنگی بۆ سوپای ئەمریکا دروست بکات، ئەویش لە وەڵامدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەو کارە دەربڕیوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا، لی جای میۆنگ بە نیگەرانییەوە رایگەیاند، تەواوی هێڵەکانی پەیوەندی و تەنانەت پەیوەندییە فریاگوزارییەکانیش پچڕاون، وتیشی: "کۆریای باکوور ئێستا ئێمە وەک دوژمنکارترین دەوڵەت دەبینێت و چیتر وەک یەک کۆمەڵگەی نیشتمانی سەیری یەکدی ناکەین، بەڵکو دوو دەوڵەتی دوژمنین."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی کۆریای باشوور وتی، کە "ترهمپ وەک ئاشتیخوازێک دەردەکەوێت و ئێمەش وەک رێکخەری هەنگاوەکان کار دەکەین بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گفتوگۆ"، ئاماژەشی بەوەکرد، کۆریای باکوور پێی وایە ئەمریکا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە پرسی مانەوە و ئاسایشی رژێمەکەیدا.
PM:01:02:19/06/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت