عەراقچی داوای لە مۆسکۆ کرد هاوکاری راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان بێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەنجامدا و تێیدا چەند پرسێکی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد.


لەو پەیوەندییەدا، عەراقچی وردەکارییەکانی یادداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئابادی بۆ هاوتا رووسییەکەی روونکردەوە و جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی دروست و تەواوی بەندەکانی ئەو یادداشتە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە مۆسکۆ کرد هاوکار بێت بۆ راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان، ئاماژەی بەوەش کرد کە راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.

سەبارەت بە هەڵوێستی مۆسکۆ، سێرگی لاڤرۆڤ پێشوازی لە داڕشتنی کۆتایی دەقی یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن کرد و رایگەیاند، رووسیا بە تەواوی پشتگیری لە جێبەجێکردنی هەموو بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە دەکات و هیوادارە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

هەردوو وەزیر هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لەم لێکتێگەیشتنە بکەن، هەروەها جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردەوە بە ئامانجی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی.


PM:03:10:17/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت