ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی هەڵگرت و یەکەمین کەشتییەکان تێپەڕین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دوای گەیشتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کردووە بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران درەنگانی شەوی رابردوو رایگەیاند، یەکەمین کەشتییەکان بەبێ هیچ ئاستەنگێک بە ناوچەی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکادا تێپەڕیون، کە پێکهاتبوون لە نەوتهەڵگرێکی ئێرانی و کەشتییەکی بارهەڵگری ئالیکی ئاژەڵان و بە ئاراستەی بەندەرەکانی ئێران رۆیشتوون.
هاوکات کەناڵی پرێس تیڤی ئاماژەی بەوە کردووە کە سێ نەوتهەڵگر و دوو کەشتی کە کاڵای ئێرانییان هەڵگرتبوو، توانیویانە گەمارۆ دەریاییەکە ببڕن، ئاژانسی فارسیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە پشتراستی کردووەتەوە کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا چەندین کەشتی ئێرانی بەبێ کێشە لە هێڵی گەمارۆکە تێپەڕیون.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە شەوی یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان لە هەموو بەرەکاندا، لەگەڵ کردنەوەی گەرووی هورمز و راگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان. بڕیاریشە رۆژی هەینی داهاتوو لە وڵاتی سویسرا، مەراسیمی فەرمی بۆ ئیمزاکردنی یاداشتنامەکە بەڕێوەبچێت.
PM:12:10:16/06/2026
ئهم بابهته 468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت