ترەمپ: سبەی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، "سبەی یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت و کۆتایی بەو ئاڵۆزییانە دێت کە ماوەیەکی درێژە ناوچەکەی گرتووەتەوە".


ئاماژەی بەوەکرد، "رێککەوتنە نوێیەکە وەک دیوارێکی بەهێز دەبێت و رێگریی تەواو دەکات لەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەک (چ لە ڕێگەی پەرەپێدان یان کڕینەوە) نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

وەک سەرۆکی ئەمریکا وتی، "دەستبەجێ دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، گەرووی هورمز بەڕووی هاتووچۆی نێودەوڵەتیدا دەکرێتەوە".

وتیشی، "بەپێچەوانەی ئیدارەی پێشوو، ئەمجارە هیچ بڕە پارەیەک وەک کاش بە تاران نادرێت و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی جیاواز دەبن".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، "لە کاتێکی گونجاودا و دوای ئارامبوونەوەی دۆخەکە، لەڕێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-2، ئەو پاشماوە و تۆزە ئەتۆمییانەی لە قووڵایی شاخەکاندا حەشار دراون، دەردەهێنرێن و لەناو دەبرێن".

لە کۆتاییدا ترەمپ هیوای خواست کە ئەم پڕۆسەیە بە ئاشتی و خێرایی بەڕێوە بچێت، بەڵام هۆشداریی دا کە ئەگەر رێککەوتنەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە سەرنەگرێت، ئەوا بژاردەی کۆتایی بەکاردەهێنن کە هیوادارە هەرگیز پێویست بە بەکارهێنانی نەبێتەوە.


PM:09:36:13/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت