موحسین رەزایی: ترەمپ رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری ئێران داوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 13ی 2026، لیوا موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، بەڵام نایەوێت بەشێوەیەکی روون ئەمە رابگەیەنێت.
ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری رەزاییەوە بڵاویکردەوە، کە ناوبراو جەختی لەو رێککەوتنە کردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە دەقی رێککەوتنەکە تەنها لەسەر لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا بە توندی بوونی هەر رێککەوتنێکیان سەبارەت بە ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران رەتکردەوە، جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش پێشتر رایگەیاندبوو، کە دوای واژۆکردنی رێککەوتنە ئەگەرییەکە، هیچ سەرچاوەیەکی دارایی بۆ ئێران دابین ناکرێت.
هاوکات، دەوڵەتی ئیمارات ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باسیان لە ئازادکردنی 3 ملیار دۆلاری ئێران دەکرد لە رێگەی وڵاتەکەیەوە و ئەو جۆرە هەواڵانەی بە ناراست ناوزەد کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە وردبن و زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.
بە پێچەوانەی ئەم رەتکردنەوانە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ناوچەییەوە بڵاویکردەوە، کە ئیمارات رەزامەندی داوە لەسەر ئازادکردنی 10 ملیار دۆلار لە داراییەکانی ئێران و تا ئێستا زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری بە کردەیی گوازراوەتەوە، رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک دیداری بەرپرسانی هەردوولا لە ئەبوزەبی و تاران هاتووە، بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ چارەسەری ململانێی نێوان واشنتن و تاران.
AM:09:39:13/06/2026
ئهم بابهته 400
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت