ئەمریکا چەند درۆنێکی ئێرانیی خستەخوارەوە و ترەمپیش هۆشداری دەداتە تاران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی ئەمریکا لە نوێترین گرژیی سەربازیی نێوان واشنتۆن و تاراندا، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئێرانییان خستەخوارەوە کە بەرەو گەرووی هورمز بەڕێکەوتبوون، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە مەترسیی جدییان بۆ سەر هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دروست کردبوو، هەر بۆیە لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە تێکشکێنراون.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، "ئێران درۆنە هێرشبەرەکانی بە مەبەستی لێدانی ئەو کەشتییە بازرگانییانە رەوانە کردووە کە بە ناو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین، بەڵام گەرووەکە بە رووی هاتووچۆی کەشتیوانیدا بە کراوەیی ماوەتەوە".
لای خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران لەبارەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر بەرەو ئەو کەشتییانەی لەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن و رایگەیاند، "تاران باشترە رەفتارەکانی چاک بکات، بە خێرایی".
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ئاماژەی ئەرێنی بۆ رێککەوتنی ئاشتی لە ئارادایە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، "گەیشتن بە رێککەوتن لە هەموو کاتێک نزیکترە و تەنها واژۆکردنی فەرمی ماوە"، بەپێی زانیارییەکان، رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان و لادانی گەمارۆکان و چارەسەری پرسی ئەتۆمی لەخۆ دەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردووەتەوە کە دەقێکی کۆتایی و رێککەوتوو بۆ ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتۆن ئامادە کراوە و وڵاتەکەی رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی هەردوولا بۆ هەنگاوەکانی کۆتایی.
AM:08:33:13/06/2026
ئهم بابهته 568
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت