ترەمپ وادەی واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ 12ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەکسیۆسدا رایگەیاند، ئەگەری زۆرە رۆژی دووشەممە یان ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، رێککەوتنی گشتگیر لە نێوان واشنتۆن و تاران واژۆ بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە پەیامەکەی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بە پۆزەتیڤ بینیوە.


لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی بڵاویکردەوە، کە زۆر نزیکن لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە تا کاتی یەکلاکردنەوەی کۆتایی، لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پێشبینی و دەنگۆیەک دەربارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دووربکەونەوە.

هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەوڵە چڕەکانی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش داوە کە ئاگاداری ئەو کەمپەینە چەواشەکارییانەن کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە ئامانجی تێکدانی رێککەوتنی ئاشتی بەڕێوەدەچن، وتیشی: "هیچ کاتێک ئاشتی هێندەی ئێستا نزیک نەبووە".

ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییانە لە کاتێکدایە کە پێشتر گرژییەکان لە ئاستێکی بەرزدا بوون و ترەمپ هەڕەشەی هێرشی سەربازی کردبوو، بەڵام دواتر رایگەیاند کە هێرشەکانی راگرتووە بۆ رەخساندنی دەرفەتی گفتوگۆ و رێککەوتن.


PM:08:28:12/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت