پاکستان: پێویستە واشنتۆن و تاران گفتوگۆی راستەوخۆ ئەنجام بدەن
وێستگەنیوز-
عاسم ئیفتیکار ئەحمەد، نوێنەری ئێستای پاکستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکدا لەبەردەم رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جارێکی تر جەختی لە نیگەرانییە قوڵەکانی پاکستان کردەوە سەبارەت بە هەڵکشانی توندوتیژییە ناوچەییەکان و سەرهەڵدانەوەی ململانێکان، داواشی کرد لە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تارانەوە دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت.
نوێنەری پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، کە "هەرەسهێنانی رێڕەوی دیپلۆماسی کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هەیە و بووەتە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی ئەرکەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم"، راشیگەیاند کە "رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو بە باشی، هەستیاریی بارودۆخەکە و مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکانیان دەرخستووە".
لە بەشێکی تری وتارەکەدا، تیشک خرایە سەر دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییەکەی پاکستان کە بووە هۆی ئەنجامدانی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە بەشداریی هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، جەخت کرایەوە کە ئامانجی ئەم هەوڵانە راگرتنی جەنگ و شکاندنی بازنەی توندوتیژی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەیە، ئەمەش رەنگدانەوەی پابەندبوونی پاکستانە بە ئاشتی و سەقامگیری جیهانی.
وتیشی، "پاکستان باوەڕی وایە کە دەبێت دیپلۆماسی و گفتوگۆ بکرێنە بنەمای رێپیشاندەر بۆ گەیشتن بە چارەسەری سەرجەم کێشەکان، لە پێناو پاراستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ناوچەکەدا، چونکە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەرئەنجامی بەرگەنەگیراوی بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
AM:09:22:10/06/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت