ئیسرائیل کۆمەڵگەیەکی پترۆکیمیایی لە ئێران بۆردومان کرد


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی پترۆکیمیایی لە ناو خاکی ئێران و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکەش بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانی، فەرمانی چۆڵکردنی شوێنەکەی دا، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر فەرمانی دەستەی هەواڵگری سەربازی، هێزە ئاسمانییەکانمان چەند یەکەیەکیان لە ناو کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی بەندەری ماهشەهر لە باشووری رۆژئاوای ئێران بۆردومان کرد".


لای خۆشیەوە، رێکخراوی تایبەتی ئابووری پترۆکیمیایی ماهشەهر ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو پەلامارەی کراوەتە سەر پاڵاوگەی کاروون، داوا لە سەرجەم کرێکارەکان کراوە بە زووترین کات کۆمەڵگەکە چۆڵ بکەن.

پێش ئه‌نجامدانی ئه‌م هێرشه‌، فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، کە چەندین ئامانجی سەربازییان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئێران پێکاوە، جەختیشیان کردەوە کە ئەم هێرشە ئاسمانییانە وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێت، کە شەوی یەکشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەشێک لە مووشەکەکان لە تەلئەڤیڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکە کەوتنە خوارەوە، سوپای پاسداران هۆکاری هێرشەکانی بۆ بەردەوامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و ناوچەی زاحییەی بەیروت و پابەندنەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاگربەست گەڕاندەوە.


AM:09:14:08/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت