موحسین رەزایی هۆشداری دەدات و دەڵێت: رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بەندە بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی CNN رایگەیاند، "هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا بەندە بەوەی ئیدارەی ترەمپ رەزامەندی بدات لەسەر ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە بلۆکەکراوەکانی ئێران".
موحسین رەزایی هۆشداری دایە واشنتۆن و وتی، "ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئەمریکا دەچێتە ناو رێڕەوێکی تاریکەوە".
ئاشکراشی کرد، "گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست و دەبێت دۆناڵد ترەمپ ئەم بنبەستە بشکێنێت، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە".
بەپێی زانیارییەکان، ئێران داوای ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار دەکات دەستبەجێ دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی و 12 ملیارەکەی تریش لە قۆناغێکی دواتردا.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەمریکا جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئێران جەنگەکە بۆ دەرەوەی کەنداوی عەرەبی دەگوازێتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی فراوان دەکات بۆ زەریای هیندی، گەرووی بابولمەندەب، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست".
لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا موحسین رەزایی باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ رێبەری باڵای ئێران کرد و ئاماژەی بەوەدا، "ئەمە روونادات، لە ئێستادا ئێمە لە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکانداین و ترەمپ گفتوگۆکانی گەیاندووەتە بنبەست".
لەبارەی گەرووی هورمزەوە موحسین رەزایی راشیگەیاند، "ئێران و عومان سەروەرییان بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە و بەیەکەوە بەڕێوەی دەبەن، هەروەها ئێران کرێی چاککردنەوە و پاراستن لەو کەشتیانە وەردەگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، چونکە نابێت تێچووی بەڕێوەبردنی گەرووەکە تەنیا لەسەر شانی ئێران بێت".
راوێژکارە سەربازییەکەی موجتەبا خامنەیی جەختی لەوەشکردەوە، "ئەگەر گفتوگۆکان سەرنەگرن و ئەمریکا هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران، ئەوا جیهان هێزی راستەقینەی ئێران دەبینێت، چونکە هێزی زەمینیمان چەندین جار لە مووشەکەکانمان بەهێزترە".
لە کۆتایی قسەکانیشدا رەزایی، ئەم جەنگەی ئێستای وەک یەکەم سەرکەوتنی ئێران لە مێژووی 47 ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا دژ بە دوژمنەکانی وێنا کرد.
PM:09:24:05/06/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت