سێنتکۆم: لەوپەڕی ئامادەباشیداین لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی ئێران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026, فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، "لە وەڵامی زنجیرەیەک هەوڵی هێرشی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرکەوتووانە بەرپەرچی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنیمان داوەتەوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئێران چەندین مووشەکی بالیستی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ کردووە و بەڵام هیچ کام لە مووشەکەکان نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان.
ئاماژە بەوە کراوە، "ئێران دوو مووشەکی ئاراستەی کوەیت کردبوو، لە ئاسماندا تێکشکان، هەروەها سێ مووشەک ئاراستەی بەحرەین کران، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی ئەمریکا و بەحرەینەوە رێگرییان لێکرا و تێکشێندران".
وەک سێنتکۆم باسی لێوەکردووە، سێ درۆنی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە کەشتییە مەدەنییەکانیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کردبووە ئامانج. لە کاردانەوەیەکی خۆپارێزیدا، هێزەکانی ئەمریکا وێستگەیەکی کۆنترۆڵی زەمینی سوپای ئێرانیان لە دوورگەی قشم بۆردوومان کرد و لەناویان برد.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی ئێران، تەنانەت لە کاتی ئاگربەستە بەردەوامەکانیشدا.
بەپێێ راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم بێت، لە هێرشەکاندا هیچ زیانیکی گیانیی بەر سەربازانی ئەمریکی نەگەیشتووە.
AM:09:05:03/06/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت