جەی دی ڤانس: ناتوانین گرەنتی تەواوی رێککەوتن لەگەڵ ئێران بدەین


وێستگەنیوز-

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانن گرەنتی 100%ـی رێککەوتن بدەن، چونکە پرسی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەژێر زەویدا، وردەکاری زۆر و کاتی دەوێت.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هەیە و گەیشتوونەتە قۆناخێک کە دەتوانن پێکەوە دانیشن و لەسەر پرسەکان دانوستان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە ناتوانن گرەنتی 100% بدەن کە رێکدەکەون.

ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، وردەکاریی زۆر هەیە و ناتوانن بە دیاریکراوی وادەی رێککەوتن رابگەیەنن، چونکە ئەو یۆرانیۆمەی ئێران کە لەژێر زەویدایە، دۆزینەوە و لەناوبردنی کاتێکی زۆری دەوێت، هەربۆیە وردەکاری رێککەوتن پێویستی بە پشوودرێژییە.

وتیشی: "ئەوەی دەمانەوێت دانانی چوارچێوەیەکی سەرکەتووە بۆ دانوستانەکان. هەندێک وردەکاری هەن پێویستە لەسەریان بوەستین چونکە کاتیان دەوێت، بۆ نموونە چۆنیەتی دەستگەیشتن و لەناوبردنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لە قووڵاییەکی زۆری ژێر زەویدایە."

لە درێژەی قسەکانیدا ڤانس راگەیاند: "هەستی ئەوەم هەیە رێکدەکەوین و دەمانەوێت رێککەوتنەکە بەجۆرێک بێت سوود بە خەڵکی ئەمریکا بگەیەنێت. ئەگەر رێککەوتن بکرێت، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیش بۆ ماوەیەکی درێژ دەگەڕێنینەوە دواوە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنی سەربازی ئێران بە خراپی لێیدراوە، بەڵام هێشتا واشنتۆن نەگەیشتووەتە ئامانجی کۆتایی لە جەنگی دژی ئێران.


AM:10:03:29/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت