دەم پارتی: بە هیچ شێوەیەک هێرش بۆ سەر جەهەپە قبوڵ ناکەین
بارەگای سەرەکی جەهەپە لەئەنقەرە. وێنە: AA
وێستگەنیوز-
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم
پارتی) سەردانی سەرۆکایەتیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە)ی لە ئەستەنبوڵ کرد و پشتیوانیی
خۆیان بۆ ئەو پارتە ڕاگەیاند.
ئەمەش دوای بڕیارێکی دادگای تورکیا دێت بە
"پووچەڵکردنەوەی ڕەها" دژی جەهەپە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی جەهەپە
لە ئەستەنبوڵ، سوپاسی سەردانەکەی دەم پارتی کرد و ڕایگەیاند کە کێشەکە تەنیا جەهەپە
نییە، بەڵکو کێشەی دیموکراسی، دادپەروەری و سیستمی دەستوورییە لە تورکیا.
لە بەرانبەردا
عارف چنار، هاوسەرۆکی لقی دە مپارتی لە ئەستەنبوڵ دووپاتی کردەوە کە پارتەکەیان بە
هیچ شێوەیەک هێرشەکان دژی جەهەپە قبووڵ ناکات و ئەم سەردانەشیان تەنیا بۆ دەربڕینی
هاوسۆزی و پشتیوانییەکی تەواوە لە کاتێکی وەهادا.
دوابەدوای بڕیاری دادگای هەرێمی لە ئەنقەرە تایبەت
بە هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە و لەکارلادانی ئۆزگور ئۆزەل و گەڕاندنەوەی
کەمال کڵچدارئۆغڵو و بەرپرسانی پێشووی پارتەکە، بڕیارە ئەمشەو ئەندام و لایەنگرانی
گەورەترین پارتە سیاسییەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە ئەنقەرە
رێکبخەن.
ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئایاری 2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی
جەهەپە کە بەبڕیاری دادگا لەکارلادراوە، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی
بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە ئەندام، لایەنگران و هەوادارانی پارتەکەی کرد بەشداربن
لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری فراوان.
PM:09:22:22/05/2026
ئهم بابهته 36
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت