ترەمپ: هەرگیز رێگە نادەین تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران "زۆر پەرۆشە" بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن بگاتە رێککەوتن. جەختی لەوەشکردەوە "هەرگیز رێگە نادەین تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

ئەمڕۆ هەینی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، ترەمپ وتی، هەرگیز رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەبارەی هێرشەکانی حوزەیرانی پار و شوبات و ئادار و سەرەتای نیسانی ئەم ساڵ، ترەمپ وتی: "گورزی قورسمان لە ئێران داوە، چونکە هیچ بژارەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نەبوو."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ستراتیج و کارانەی ئێستا بەرامبەر ئێران دەیکەن، هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەیە کە پێشتر لە ڤەنزوێلا گرتوویانەتەبەر.

سەرۆکی ئەمریکا ستایشی تواناکانی سوپای وڵاتەکەی کرد و بە "مەزنترین سوپای جیهان" ناوی برد.

ترەمپ باسی لەوە کرد، دەیانەوێ بودجەی بەرگریی وڵاتەکەیان بەرزبکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێ، "دەمانەوێ بودجەیەکی بەرگری بەدەستبهێنین کە قەبارەکەی بگاتە 1.5 تریلیۆن دۆلار."

ئەمەش کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی درێژخایەن چڕبوونەتەوە و ئەمڕۆش سوپاسالاری پاکستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە تاران.


PM:08:37:22/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو