نیویۆرک تایمز، سیناریۆیەکی ئێران یۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا ئاشکراده‌كات


وێستگه‌نیوز- 
ئەمڕۆ سێشەممە،19ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا یان ئیسرائیل، سیناریۆیەکی ئێرانیی ئاشکرا کرد.


سیناریۆکە بریتییه‌ له‌ تەقاندنی سەدان مووشەک، بە شێوەی ڕۆژانە،  لەگەڵ هەڕەشەکردن لە هێڵەکانی بازرگانیی جیهانی لە ڕێگەی گەرووی باب ئه‌لمه‌نده‌بەوە.

بەکورتی و بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان ئامادە کردووە، سەرەڕای پاشەکشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئەنجامدانی خولێکی نوێی لێدانەکان.

ئێران دڵنیاییشی داوە لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکدا، توانای هەیە زیانی بەربڵاو، بە دراوسێكانی و بە ئابووریی جیهان بگەیەنێت.

ڕۆژنامەکە لە زاری حەمیدڕەزا عەزیزی، پسپۆڕی کاروباری ئاسایشی ئێران گواستوویەتییەوە: "تاران لە قۆناغی یەکەمی جەنگی ئەم ساڵدا، خۆی بۆ ململانێیەکی درێژخایەن کە سێ مانگ بخایەنێت ئامادە کردبوو، ئەمە وای كرد ئێران، بەکارهێنانی مووشەکەکانی بەشێوەیەکی پێوانەیی و سنووردار بێت، بۆ ئەوەی توانای هێرشبەریی خۆی بۆ ماوەیەکی درێژخایەنتر بپارێزێت".

بەڵام هۆشداریدا له‌وه‌ی ئێستا هاوکێشە و حیساباتی ئێران گۆڕاوە بەرەو "جەنگێکی کورتخایەن بەڵام زۆر توندوتیژ"، کە بنه‌ماکەی لەسەر تەقاندنی دەیان یان سەدان مووشەک لە ڕۆژێکدا، بۆ سەر ئامانجی جیاواز داڕێژراوە، بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگیی خۆپارێزی و دروستکردنی گوشارێکی زۆر لەسەر نەیارەکانی.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێکهاتەی بنەڕەتیی کەرتی نەوت لە کەنداو، ڕەنگە لە نێو دیارترین ئامانجەکانی ئێراندا بن، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات و کوێت و ناوچەکە بەرەو پەرەسەندنێکی فراوانتر ببات.

هەروەها ڕۆژنامەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەگەری هاتنەناوه‌وەی "ئەنساروڵڵا"ی حوسییەکان بۆ هێڵی ڕووبەڕووبوونەوە، لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ داخستنی گەرووی باب ئه‌لمه‌نده‌ب، کە نزیکەی یەک لەسەر دەیی بازرگانیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، وەک پشتیوانییەک بۆ ئێران لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی نوێدا.

لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە تاران، ڕەنگە کارتی گەرووی هورمز و باب ئه‌لمه‌نده‌ب پێکەوە بەکاربهێنێت، بۆ زیادکردنی گوشار لەسەر ئابووریی جیهان و ناچارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیاتر لە بەرەیەکی دەریایی لە یەک کاتدا.


PM:08:18:19/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت