ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن


وێستگەنیوز-

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە سوپای وڵاتەکەیان کەوتووەتە ئامادەباشییەکی تەواو و ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن لەگەڵ ئەمریکا هێرشێکی دوبارە و بەربڵاو بکەنە سەر ئێران.

کەناڵی تەلەفزیۆنی "کان"ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیی نەناسراوەوە رایگەیاند، "لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا، ئیسرائیلیش دەچێتە ناو ئۆپەراسیۆنەکەوە و ژێرخانی وزەی ئێران دەکاتە ئامانج."

ئەم ڕاپۆرتە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترامپ و بنیامین ناتانیاهۆ لە ڕۆژی یەکشەممەدا دێت. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "کان"، پەیوەندییەکە زیاتر لە نیو کاتژمێری خایاندووە و تێیدا هەردوولا تاووتوێی ئەگەری دەستپێکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانیان کردووە.

هاوکات کەناڵی 12ی ئیسرائیل، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی هەردوو وڵاتی وەک گفتوگۆیەک لە "سێبەری ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ ئێران" وەسف کرد و پشتڕاستی کردەوە کە سوپای ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودایە.

ئەم کەناڵە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دۆناڵد ترامپ لەلایەن چینەوە لەژێر فشارێکی "بەرچاو"دایە بۆ ئەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ ئێران دوور بکەوێتەوە و لەبری ئەوە ڕێڕەوی ڕێککەوتن بگرێتەبەر.

کەناڵەکە بڵاویکردەوە، گەورەترین هێڵی ئاسمانی جیهان، کە هێڵی ئاسمانی ئەمریکایە، گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل تا مانگی کانوونی دووەمی 2027 هەڵوەشاندەوە، ئەمەش هاوکاتە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەونەی جەنگ دژ بە ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی13ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، دەیان فڕۆکەی هەڵگری تەقەمەنی و چەکی ئەمریکی لە بنکە سەربازییەکانی ئەڵمانیاوە بەڕێکەوتوون و لە تەلئەڤیڤ نیشتوونەتەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئەم هەنگاوانە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ئامادەکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ شەڕی ئەگەری لە دژی ئێران ناو دەبەن.


AM:09:29:18/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت