سەرۆکی چین لەم "فۆرمە نوێیەیه‌دا" ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئه‌مریكا ده‌كات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 14ی ئایاری 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی تەلەفزیۆنی ناوەندیی چین بڵاویکردووه‌تەوە، رایگه‌یاند سەرۆک "شی جینپینگ" ستایشی ئه‌م فۆرمه‌ نوێیه‌ی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، ئەمە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

ڕاپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی چین، ئاماژەی بەوە کردووە "شی" ڕایگەیاندووە هەردوو سەرۆک، ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی، لە ڕووی ستراتیژییەوە، بونیادنانی پەیوەندییەکی بنیاتنەر و سەقامگیر، دەبێتە ڕێنیشاندەر بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، لە سێ ساڵی داهاتوو و دواتریشدا.

ئەمڕۆ پێنج شه‌ممه‌ "شی" لە پەکین پێشوازی لە هاوتا ئەمریکییەکەی "دۆناڵد ترەمپ" کرد و بڕیارە لە کۆبوونەوەی لوتکەدا، تاووتوێی چەندین پرسی جێی بایەخ و ناکۆک و کاریگەرییە جیهانییەکانیان بکەن، لە بازرگانییەوە بیگرە تا دەگاتە دۆسیەی ئێران و تایوان.

سەرۆکی چین، کەمێک دوای کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئه‌مڕۆ، لە هۆڵی گەورەی گەل، پێشوازی لە ترەمپ کرد.


"شی" تەوقەی لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکا کرد، لەنێویاندا "پیت هیگسێس" وەزیری جه‌نگ و "مارکۆ ڕوبیۆ" وەزیری دەرەوە، کە بە درێژایی ژیانی سیاسیی خۆی، وەک نەیارێکی سەرسەختی پەکین ناسراوە.

ترەمپ و شی، لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا وەستان، کاتێک تیپێکی سەربازیی چینی، سروودی نیشتمانیی ئەمریکا و چینیان دەژەنی و هاوکات وەک ڕێزگرتن تۆپ تەقێندرا.

بڕیارە ئێوارەی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، سەرۆکی چین میواندارییەکی فەرمی لە هەمان هۆڵدا ساز بکات، هەروەها ترەمپ سەردانی پەرستگای مێژوویی "ئاسمان" دەکات، کە له‌ لیستی یۆنسكۆدا بۆ شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌كان، تۆمار كراوه‌ و ئیمپراتۆرەکانی چین، له‌و په‌رستگایه‌دا، نزا و پارانەوەیان، بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵی زۆر، ئەنجام دەدا.


له‌و دیداره‌دا، ترەمپ بە هاوتا چینییەکەی ڕاگەیاند هەردوو زلهێزەکە "داهاتوویەکی ناوازە"یان دەبێت و ده‌ڵێت: "ئەمە شەرەفێکە بۆ من کە لێرە لەگەڵتانم، شانازی دەکەم کە هاوڕێی ئێوەم، پەیوەندیی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە هەموو کاتێک باشتر دەبێت".

لای خۆیەوە، سەرۆکی چین بە ترەمپی ڕاگەیاند پێویستە چین و ئەمریکا "هاوبەش بن نەک نەیار" و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی ترەمپ دەربڕی لە کاتێکدا "جیهان لەبەردەم دووڕیانێكدایه‌".

هاوکات، سەرۆکی چین هۆشداریی دایە هاوتا ئەمریکییەکەی، لە سەرهەڵدانی ململانێ، لە نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەگەر بە هەڵە مامەڵە لەگەڵ پرسی "تایوان" بکرێت، کە خاوەنی حوکمڕانییەکی سەربەخۆیە و پەکین داوای گەڕانەوەی دەکات بۆ سەر خاکەکەی.

"شی" وەک ئەوەی کەناڵی CCTV بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: "پرسی تایوان، گرنگترین پرسە لە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکادا، ئەگەر بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ڕەنگە هەردوو وڵات بەریەککەوتنیان هەبێت یان بکەونە ناو ململانێوە، ئەمەش هەموو پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا، دەخاتە دۆخێکی یەکجار مەترسیدارەوە".


PM:01:27:14/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت