112 براوەی خەڵاتی نۆبڵ داوای ئازادکردنی نێرگز محەمەدی دەکەن


وێستگەنیوز-

لە دوای گواستنەوەی نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زیندانی سیاسی بۆ نەخۆشخانە، 112براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بوارە جیاوازەکاندا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەو و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی سەر ئەم چالاکوانەی مافی مرۆڤیان کرد.

ئەم بەیاننامەیە ڕۆژی سێشەممە 12ی ئایار، بە هاوئاهەنگی "دەسپێشخەریی ژنانی نۆبڵ" و بە هاوکاری "بنیادی نێرگز" بڵاوکرایەوە. واژۆکەران بریتین لە براوەکانی نۆبڵ لە بوارەکانی کیمیا، ئابووری، ئەدەب، پزیشکی، ئاشتی و فیزیا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ڕاپۆرتەکانی بنیادی نێرگز و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تر نیشانی دەدەن دۆخی جەستەیی محەمەدی گەیشتووەتە ئاستی «قەیران» و تووشی دابەزینی توندی کێش، ناجێگیریی پەستانی خوێن و نیشانەی مەترسیداری دڵ بووە.

براوەکانی نۆبڵ هۆشدارییان داوە کە ژیانی نێرگز محەمەدی لەبەردەم "مەترسییەکی جیددا"یە و جەختیان کردووەتەوە کە مانگانە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە تایبەتمەندەکان بێبەش کراوە.

نێرگز محەمەدی ڕۆژی 10ی ئایار بە ئەمبوڵانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی تارانپارس. واژۆکەرانی بەیاننامەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەو "ناحەقییەی بەهۆی زیندانیبوونیەوە" لێی دەکرێت، لەناو نابات.

جوودی ویلیامز براوەی نۆبڵی ئاشتی 1997دەڵێت "نابێت هیچ کەسێک بەهۆی ناڕەزایەتی ئاشتییانە یان بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ زیندانی بکرێت."

هەروەها تەوەکەل کرمان براوەی نۆبڵی ئاشتی، نێرگز محەمەدی بە "دەنگی نەترسی ئەو ژنانەی کە لە بەرامبەر سەرکوت وەستاونەتەوە" وەسف کرد و داوای بەردەوامیی پشتگیرییە جیهانییەکانی بۆ ژنانی ئێران کرد.

لە کۆتاییدا، واژۆکەران داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەبێ دواکەوتن بۆ ئازادکردنی نێرگز محەمەدی و مسۆگەرکردنی چارەسەری پزیشکی گونجاو بۆی، هەنگاو بنێن.


PM:02:43:12/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت