ئێران بە درۆن هێرشی کردە سەر ئیمارات و کوەیت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی بەرگری کوەیت و ئیمارات لە دوو راگەیەنراوی جیاجیادا رایانگەیاند ئەمڕۆ لە لایەن ئێرانەوە هێرشی درۆنی کراوەتە سەر وڵاتەکانیان، بەڵام لە ئاسماندا تێک شکێندراون.

رۆژی یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، عەقید روکن سعود عەبدولعەزیز عەتوان، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان شوێنپێی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە"یان هەڵگرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتبوونە ناو مەودای ئاسمانی وڵاتەکەیان.

ئاماژەی بەوە کرد، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوپای کوەیت لە ساتەوەختی چوونە ناوەوەی ئەو درۆنانە، بەپێی رێکارە سەربازییە پەسندکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و مەترسییەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە.

عەقید سعود عەتوان جەختی لەوەش کردەوە، هێزە چەکدارەکانی کوەیت لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمان و سەلامەتیی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی سەر خاکی وڵاتەکەیان، هەروەها دووپاتیکردەوە کە رێگە بە هیچ هەڕەشەیەکی دەرەکی نادەن حرمەتی ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنێت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند کە هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، ڕۆژی یەکشەممە ڕووبەڕووی دوو درۆن بووەتەوە کە لە لایەن ئیرانەوە ئاراستەی ئەو وڵاتە کراون.

سوپای کوەیت لە مانگی نیسان دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە بەیاننامەیەکدا، وردەکاریی ئەو هێرشانەی بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە 28ی شوبات تا 10ی نیسانی 2026، رووبەڕووی بووەتەوە و بریتیە لە:

- 354 موشەکی بالیستی.

- 15 موشەکی کرووز.

- 845 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

هاوکات بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئیماراتەوە بڵاوکراونەتەوە، کۆی ئەو هێرشانەی دراونەتە پاڵ کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای تێکهەڵچوونەکانەوە تا ئێستا، گەیشتووەتە ٢ هەزار و 265 درۆن، 29 موشەکی کرووز و 551 موشەکی بالیستی.

راگەیەنراوی کوەیت و ئیمارات لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا بە "لەرزۆک" وەسف دەکرێت؛ هاوکات وڵاتی کوێتیش هەواڵی دەستنیشانکردنی چەند درۆنێکی "دوژمنکارانە"ی لە سنوورە ئاسمانییەکانی خۆیدا ڕاگەیاندبوو.


PM:02:31:10/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت