ئێران برینداربوون و دۆخی تەندروستیی خامنەیی ئاشکرا دەکات


وێستگەنیوز-

لە سایه‌ی به‌ردەوامی پرسیارەکان سەبارەت بە باری تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران و بەردەوامی خەمڵاندنەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا، دەربارەی دۆخی ناوبراو، بەرپرسێکی ئێرانی ڕوونکردنەوەی نوێی لەسەر تەندروستیی موجته‌با ده‌خاته‌ڕوو.

مەزاهیر حوسێنی، بەرپرسی ڕێکخستنی دیدارەکانی نووسینگەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئێران، لە کاتی ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی بەئامانجگرتنی بارەگای سەرکردایەتی، لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا لە 28ی شوبات، دەربارەی دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی ڕایگەیاند: ناوبراو "عادەتی وابوو، له‌و شوێنه‌ بێت کە وانەی تێدا دەگوتەوە، بەڵام لە کاتی بۆردومان و مووشەکبارانەکەدا، لە شوێنی وانه‌ وتنه‌وه‌كه‌ نەبووە. به‌ڵكو له‌و شوێنە بوو کە له‌ بۆردومانه‌كاندا بەتەواوی وێرانكرا".

حوسێنی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، لەبەردەم کۆمەڵێک هاووڵاتی کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە ماڵەکەی کراوەتە ئامانج؛ کاتێک خامنەیی کوڕ، لە ڕێگەدا بووە بەرەو قادرمەکان (پەیژەکان)، مووشەکێک به‌ر هه‌مان شوێن كه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ بووەتە هۆی کوژرانی هاوسەرەکەی "زەهرا حەداد عادل" کە لە ماڵەکەدا بووە، هەروەها كوژرانی "میسباحولهودا باقری کەنی" هاوسه‌ری خوشكه‌كه‌ی کە لە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەکە بووە.

حوسێنی باس له‌وه‌ ده‌كات شەپۆلی تەقینەوەکە، بەر موجتەبا خامنەیی کەوتووە و بەو هۆیەوە کەوتووەتە سەر زەویه‌كه‌.

ئەو بەرپرسە ڕوونی کردەوە لە ئەنجامی ئەوەدا، موجته‌با لە بەشی کڵاوەی ئەژنۆ و پشتیدا بریندار بووە، بەڵام جەخت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "لە تەندروستییەکی تەواودایە" و ده‌ڵێت: "تەنها برینێکی بچووک، قڵیشانێکی کەم، لە پشتی گوێیدا دروست بووە، برینه‌كه‌ لە کاتی بەستنی مێزەردا (عەمامەدا) دیار نابێت".

هەروەها جەخت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "دوژمن بە هەر بیانوویەک بێت، هەوڵ دەدات تۆمارێکی دەنگی یان ڤیدیۆیی موجته‌بای دەست بکەوێت، تا بتوانێت پیلانەکانی بۆ تیرۆرکردنی جێبەجێ بکات".

دووپاتیشی کردەوە باری تەندروستیی موجتەبا خامنەیی جێگیرە و هیچ جێگەی نیگەرانی نییە.

لە سەرەتای ئەم مانگەشدا، موحسین قومی، سەرۆکی نووسینگەی کاروباری نێودەوڵەتی، لە دامەزراوەی سەرکردایەتی ئێران، جەختی له‌وه‌ کردەوە خامنەیی لە تەندروستییەکی تەواودایە و بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و ده‌ڵێت: "کاروبارەکانی مەیدان و دانوستانەکان ڕێکدەخات".

لە ڤیدیۆیەکدا کە ئاژانسی "فارس" بڵاویکردووەتەوە، موحسین قومی دەڵێت: خامنەیی له‌ كاتی بۆردومانەکە لەناو باڵەخانەکەدا بووە، بەڵام تەنها چەند خولەکێک پێش ئه‌نجامدانی بۆردومانه‌كه‌، بەهۆی کارێکەوە چووەتە حەوشەی شوێنەکە و ئەوە بووەتە هۆی ڕزگاربوونی، ئه‌مه‌ لە کاتێکدایه‌ هەموو ئەوانەی لەناو باڵەخانە بۆردومانکراوەکەدا بوون، کوژراون.

ئاماژەی بەوەش کرد خامنه‌یی كوڕ، لە هێرشەکەدا بریندار بووە، بەبێ ئەوەی سروشتی برینەکەی ئاشکرا بکات.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا دێن کە نوێترین هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکا، وەک تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە، دەریدەخات موجته‌با خامنەیی، لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی دیكه‌ی ئێران، ڕۆڵێکی زیندوو دەگێڕێت، لە کێشانی ستراتیژیی جەنگی ئێراندا.

ئەم هەڵسەنگاندنانە ئاماژە بەوە دەکەن موجتەبا خامنەیی، بەشدارە لە ئاڕاستەکردنی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ئێران، لەگەڵ ئەمریکا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ.

هه‌مو ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، دوای برینداربوونی موجته‌با، لەو هێرشەی بووە هۆی کوژرانی باوکی و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی ئێران، لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا، بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە؛ ئەمەش گومانی زۆری لەسەر دۆخی تەندروستی و ڕۆڵی ڕاستەقینەی لەناو پێکهاتەی سەرکردایەتی ئێراندا دروست کردبوو.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی "سی ئێن ئێن"، بەشێک لەو تەمومژەی دەوری ڕۆڵی خامنەیی داوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناوبراو هیچ ئامرازێکی پەیوەندیکردنی ئەلیکترۆنی بەکارناهێنێت و پشت بە دیداری ڕاستەوخۆ یان نامەی نێوانگیرەکان دەبەستێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە خامنەیی هێشتا لە گۆشەگیریدا ماوەتەوە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت، بۆ ئەو برینانەی کە سووتانی سەختی بەشێکی جەستەی دەگرێتەوە و کاریگەرییان کردووەتە سەر دەموچاو، قۆڵ، سنگ و قاچی.


PM:01:09:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت