داعش بەرپرسیارێتی کوشتنی زانایەکی ئاینیی ناوداری پاکستانی گرتە ئەستۆ


وێستگه‌نیوز -
ڕێکخراوی داعش لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند کە کرایە سەر "مەولانا محەمەد ئیدریس ترنغزی". 


هێرشەکە بەیانی ڕۆژی سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەی "چارەسەدە" لە هەرێمی خەیبەر پەختونخوا، لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژرانی ترنغزی و برینداربوونی دوو لە پاسەوانەکانی.

ڕێکخراوی داعش لە بەیاننامەکەیدا مەولانا ئیدریسی، وەک زانایەکی ئایینی "سەر بە حکومەتی پاکستان" وەسف کردووە.

پێشتر زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، سەرکۆنەی ئەم هێرشەی کرد و کوژرانی مەولانا ئیدریسی بە "زیانێکی قەرەبوونەکراوە" وه‌سفكرد.

مەولانا محەمەد ئیدریس، یەکێک بوو لە کەسایەتییە گرنگەکانی ناو پارتی "کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام" و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ "مەولانا فەزڵورەحمان"ی ڕێبەری پارتەکەدا هەبوو.

هەروەها یەکێک بوو لە مامۆستاکانی قوتابخانەی "دارولعلوم حەقانیە"، کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و ئەندامانی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان، خوێندنیان تێدا تەواو کردووە.

تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی پاکستان هیچ وردەکارییەکی فەرمیان دەربارەی ئەم ڕووداوە بڵاونەکردووەتەوە.

پۆلیس ڕایگەیاندووە هێرشبەرەکان دوای ئه‌نجامدانی هێرشەکە، توانیویانە هەڵبێن، بەڵام ناوچەکە گەمارۆدراوە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

لە چەند هەفتە و مانگی ڕابردوودا، ژماره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ زیادیان كردووه‌ كه‌ لە خەیبەر پەختونخوا،  تێیدا زانایانی ئاینی و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان، ده‌كرێنه‌ ئامانج. ئەمەش نیگەرانیی زۆری سەبارەت بە دۆخی ئەمنی دروست کردووە.

لە لایەکی ترەوە، دانیشتووانی شاری "چارەسەدە" دوای کوژرانی مەولانا ئیدریس، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ڕێکخست.


PM:06:42:06/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو