ترەمپ بۆ ماوەیەکی کاتی "پرۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز راگرت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە پلاتفۆڕمی 'تروس سۆشیال' رایگەیاند؛ کە بڕیاریداوە بۆ ماوەیەکی کاتیی پڕۆژەی ئازادی
کە تایبەتە بە جوڵەی کەشتییەکان بەنێو گەرووی هورمزدا، رابگرێت
.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، بەپێی وتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم بڕیارە لەسەر داوای دەوڵەتی پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە دراوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەو "سەرکەوتنە سەربازییە گەورانە" دێت، هێزەکانی ئەمریکا لە هەڵمەتەکانیاندا دژی وڵاتی ئێران بەدەستیان هێناوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەروو، پێشکەوتنی بەرچاو لە پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی و تەواوەتی لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەدی هاتووە. هەر بۆیە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز رابگیرێت، تاوەکو دەرفەتێک بڕەخسێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنامە کۆتاییەکە.

دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە، هەرچەندە پڕۆژەی ئازادی بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە، بەڵام گەمارۆکان (Blockade) بە هەموو هێز و کاریگەریی خۆیانەوە وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەبن.

رۆژی 3ـی ئایاری 2026، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز دەستپێکرد.

ئەم ئۆپەراسیۆنە کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرپەرشتی دەکرێت، هێزێکی گەورە لەخۆدەگرێت کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 100فڕۆکەی جەنگی و 15هەزار سەرباز. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم هەنگاوە، پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و چاودێریکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەیە کە واشنتن چەند هەفتەیەکە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی
.


AM:08:17:06/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت