هێگسێت: ئێران لەگەڵ گورزی کوشندەی ئەمریکادا رووبەڕوو دەبێتەوە


وێستگەنیوز-

وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە 5ی ئایار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتیڕانی بازرگانی، لەگەڵ "گورزی کوشندەی" ویلایەتە یەکگرتووەکان رووبەڕوو دەبێتەوە.

پیت هێگسێت هەروەها وتی ئێران "کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی لەدەستدا نییە" و ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی «ماوەیەکی درێژە» لەم ناوچە ستراتیژییەدا نیگەرانی بۆ کەشتییەکان دروست دەکات.

ئەو ئێران وەک "دەستدرێژیکارێکی ئاشکرا" لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی گەرووی هورمزدا وەسف کرد.

وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان روونی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دەریایی "پڕۆژەی ئازادی"دا، هەوڵی "شکاندنی باڵادەستیی نایاسایی ئێران" بەسەر گەرووی هورمزدا دەدات.

هێگسێت وتیشی، "ئامانجی ئەمریکا پاراستنی کەشتیڕانییە لە بەرامبەر کارە شەڕەنگێزییەکانی ئێران. بۆ کردنەوەی گەرووی هورموز، پێویست ناکات ئەمریکا بچێتە ناو کایەی ئاسمانی یان ئاوەکانی ئێرانەوە".

هەروەها وتی، "ئێمە بەدوای ململانێدا ناگەڕێین. ئەوان دەڵێن گەرووەکە کۆنترۆڵ دەکەن؛ بەڵام وا نییە".

هاوکات جەنەڕاڵ دان کاین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا وتی ئێران بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر دراوسێکانی و لە کاتی راگەیاندنی ئاگربەستەوە تا ئێستا، 9 جار تەقەی لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە.


PM:03:49:05/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت