قرقاش: ئێران دەستدرێژیکار و سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیە لەناوچەکەدا


وێستگەنیوز-

رۆژێک دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات، ئەنوەر قرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئەو وڵاتە، رایگەیاند کە رژێمی ئێران "دەستدرێژیکار" و "بەرپرسی پەرەسەندنی قەیرانەکانە لە کەنداودا".

لە کاتێکدا ئیمارات، کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر بەندەری فوجەیرە و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، قرقاش ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی کە ڕژێمی ئێران "سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری" ناوچەکە.

ناوبراو هەروەها سوپاسی "پەیامەکانی هاوپەیمانیی وڵاتانی کەنداو، وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی" کرد، کە تێیدا هێرشە "دڕندانەکەی" ئێرانیان شەرمەزار و ڕەت کردووەتەوە.

قرقاش نووسیویەتی کە ئەم پەیامانە "ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە سیستمێکی بنەمادار بە بەهاکان و بەرپرسیارێتی؛ سیستمێک کە ڕەفتارە سەرکێشەکان ڕەت دەکاتەوە و ئەنجامدەرانی گۆشەگیر دەکات."

دوێنێ دووشەممە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کەوتووەتە کار و توانیویانە 12 موشەکی بالیستی، سێ موشەکی کرووز و چوار درۆن تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە «تیرۆریستی» ناوبردنی ئەم هێرشانە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هیچ هەڕەشەیەک دژی ئاسایش و سەروەریی ئیمارات قبوڵ ناکەن و هۆشداریشی دا کە «مافی تەواو و ڕەوای» وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەی بۆ خۆی پاراستووە.


AM:11:06:05/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت