سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە ئەمریکا دەکات: نزیک ببنەوە دەکرێنە ئامانج


وێستگەنیوز-

بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا، سەربە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی توند لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت هەر هێزیکی بێگانە لەگەرووی هورمز نزیک ببێتەوە دەکرێتە ئامانج.

عەلی عەبدوڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا، بەیانی ڕۆژی دووشەممە 4ی ئایار، چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی «پڕۆژەی ئازادی» لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، هۆشداریی دایە سوپای ئەمریکا و "هەر هێزێکی چەکداری بێگانە" کە لە ئەگەری نزیکبوونەوە و چوونە ناو گەرووی هورمز، دەکرێنە ئامانج و هێرشیان دەکرێتەسەر.

لە پەیامێکدا کە میدیاکانی ئێران لە زمان عەبدوڵاهییەوە بڵاویان کردووەتەوە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کراوەتەوە و هاتووە، "لە هەر بارودۆخێکدا، هەر جۆرە هاتووچۆیەکی ئارام، دەبێت بە هەماهەنگی هێزە چەکدارەکان ئەنجام بدرێت".

فەرماندەی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا لەو پەیامەدا هۆشداریی داوەتە "هەموو کەشتییە بازرگانییەکان و تانکەرە نەوتەکان" کە "خۆیان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ هاتوچۆکردن بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە گەرووی هورمز، بۆ ئەوەی ئاسایشیان نەکەوێتە مەترسییەوە."

پێش بەیاننامەکەی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی، "هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ئەمریکییەکان لە پرۆسەی سیستەمی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمز، بە واتای پێشێلکردنی ئاگربەست دێت."

سێنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا) ئەمڕۆ ڕایگەیاند بە بەشداریی زیاتر لە 100 فڕۆکە و هەزاران سەرباز ئۆپەراسیۆنی "پرۆژەی ئازادی" کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گەرووی هورمز رایگەیاند.


AM:09:49:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت