ئێران پێشنیازە نوێیەکەی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا رادەستی پاکستان کرد
وێستگەنیوز-
ئاژانسی (ئیرنا)، رۆژی هەینی 1ی ئایار رایگەیاند کە ئێران ئێوارەی
پێنجشەممە دەقی نوێترین گەڵاڵەی دانوستانی خۆی، بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رادەستی
پاکستان کردووە.
هاوکات "باراک راڤید"، پەیامنێری ماڵپەڕی ئەکسیۆس،
وێڕای پشتڕاستکردنەوەی رادەستکردنی گەڵاڵەکەی ئێران بە پاکستان، لە زاری سەرچاوەیەکی
ناوچەییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەم دەقە کاردانەوەی تارانە بەرامبەر
بە دوایین چاکسازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان
بە شەڕ.
لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی
ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێ، لە نوێترین هەوڵدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، تاران لە
رێگەی نێوەندگیرە هەرێمییەکانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتۆن و لەو پێشنیازەدا ئێران
ئامادەیی نیشانداوە هێرشەکانی لە تەنگەی هورمز رابگرێ، لە بەرامبەردا ئەمریکا کۆتایی
بە شەڕەکە بهێنێت، گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێ و دانوستاندنە
ئەتۆمییەکانیش بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پێشنیازە کۆنەکەی
ئێرانی سەبارەت بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە شەڕ و کردنەوەی گەرووی
هورمز بەبێ باسکردنی پرسە ئەتۆمییەکان رەتکردبووەوە. دوای ئەوە راگەیەندرا کە بڕیارە
ئێران دەقێکی پێشنیازکراوی نوێ پێشکەش بکات.
بەرپرسانی ئێران لە رۆژانی رابردوودا رایانگەیاندووە کە
ئامادە نین دەربارەی پرسە ئەتۆمییەکان، لەوانە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و رادەستکردنی
یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان، قسە بکەن تا ئەو کاتەی گەرەنتی تەواوەتی بۆ راگرتنی شەڕ دەدرێت.
ترەمپ رۆژی 29ی نیسان داوای لە تاران کرد "هەرچی زووترە
بە عاقڵانە رەفتار بکات" و رێککەوتننامەیەک واژۆ بکات. ناوبراو هەفتەی
رابردوو سەفەری نوێنەرانی خۆی بۆ پاکستان بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵوەشاندەوە
و رایگەیاند ئەگەر تاران خوازیاری رێککەوتنە، دەتوانێت پەیوەندی بە ئەمریکاوە بکات.
خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا چەند رۆژێک
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، بەڵام نەگەیشتە رێککەوتن. سەرەڕای
ئەوەش، پاکستان رۆڵی خۆی وەک نێوەندگیری سەرەکی نێوان واشنتۆن و تاران پاراستووە.
PM:04:21:01/05/2026
ئهم بابهته 864
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت