ئیسرائیلییەکان کورتەنامەی هەڕەشەئامێزی تەمومژاوییان پێدەگات


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆی سێشه‌ممه‌، 28ی نیسانی 2026، ڕۆژنامەی " Jerusalem Post" بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئیسرائیلییەکان، لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا، لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "واتسئاپ"ەوە، کورتەنامەی هەڕەشەئامێزیان پێگەیشتووە.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە نامەکان، بە زمانی ئینگلیزی نووسراون و لە ئەژماری بازرگانییەوە نێردراون و وەک ئەژماری فەرمی دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا لەلایەن لایەنێکەوە نێردراون کە هاکیان کردوون یان ئەژماری ساختەیان دروست کردووە.

بەڕێوبەرایەتی نیشتمانیی ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی ئیسرائیل، ئاگاداری وردەکارییەکانە و خەریکی پشکنینی سەرچاوەی نامەکانە؛ بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەم چالاکییە لەگەڵ شێوازی کارکردنی گرووپی هاکەری "حەنزەلە"ی ئێرانی دەگونجێت کە لە نێوان هێرشی ئه‌لیكترۆنی و جەنگی دەروونیدا کار دەکەن.

ئەو نامەیەی گەیشتووەتە دەستی زۆرێک لە هاووڵاتییان، بە زمانی ئینگلیزی بووە و ئاماژەی سیاسی و سەربازی ڕاستەوخۆی تێدایه‌، تێیدا هاتووە، "نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات، لە ڕێگەی ئەنجامدانی کارێکی تری گەمژانە و سەرکێشانەوە، پێگەی خۆی لە دەسەڵات بپارێزێت. ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ ئێوەی دانیشتووانی جوو، لە خاکە داگیرکراوەکاندا: ئەگەر سنوورێک بۆ ئەم سەرکێشییە دانەنێن، ئه‌وا خۆتان بۆ بارانێکی مووشەک ئامادە بکەن، ئێوە بەم زووانە چەندین هەفتە لە پەناگەکاندا بەسەر دەبەن، بۆیە هەر لە ئێستاوە خۆارك و پێداویستی پاشەکەوت بکەن".

لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ئەم گرووپە بەرپرسیارێتی خۆی لە هاککردنی نووسینگە حکومییەکان، کۆمپانیاکانی ژێرخان و پەیمانگا هەستیارەکانی توێژینەوە لە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، ئەوەش بە بەکارهێنانی شێوازێکی ڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ جەماوەردا.

گرووپەکە ئەپڵیکەیشنی "واتسئاپ" بەکاردەهێنن، چونکە ڕێگەیان پێدەدات لە فلتەرەکانی "سپام"ی کۆمپانیاکانی پەیوەندی دەرباز ببن کە بۆ دۆزینەوەی نامە تێکدەرەکان دانراون، بەمەش دەتوانن ڕاستەوخۆ بگەنە دەست بەکارهێنەر.


PM:04:14:28/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت