ڕاپۆرتێک: زیانی گەورە بەر بنکەکانی ئەمریکا کەوتووە
وێستگەنیوز-
وا دیاره سیاسەتی "ستراتیژی شاردنهوه" کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پنتاگۆن، لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردووی جەنگدا گرتبوویەبەر، لەبەرانبەر ڕاپۆرتە دزەپێکراوەکانی هەواڵگری و میدیاییهكاندا بەرەو پوکانەوە دەچێت.
بەپێی تۆڕی هەواڵی "NBC News"، هەڵسەنگاندنە ڕاستەقینەکان، بۆ ئەو زیانانەی بەر بنکە ئەمریکییەکان لە 7 وڵاتی ناوچەکەدا، لەوانە قەتەر، بەحرەین، کوێت و عێراق، کەوتووە، ئاماژە بە وێرانکارییەکی "بێ وێنە" دەکەن کە کۆگاکانی چەک، بارەگاکانی فەرماندەیی، سیستمە پێشکەوتووەکانی ڕادار، ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکان و تەنانەت فڕۆکە سەربازییەکانیش کە لە حەوشەی تایبەتدا ڕاگیرابوون، گرتووەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە شۆکهێنەرە، ئاماژەی بەوە کردووە تەنها تێچووی چاککردنەوەی زیانەکان، لەوانەیە لە 5 ملیار دۆلار تێپەڕ بکات؛ ئەوەش لە کاتێکدایە پنتاگۆن ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆری کۆنگرێس بووەتەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان ئاشکرا بکات.
ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمارییەکان، نیگەرانییەکی زۆریان دەربڕیوە و جەختیان لهوه کردووەتەوە چەند هەفتەیەكه، داوای وردەکاریی زیانەکان دەکەن، بهڵام هیچ ئهنجامێكیان دهستنهكهوتووه.
ئهمه لە کاتێکدایه پنتاگۆن داوای بودجەیەکی بەرگریی پێوانەیی دەکات بۆ دابینکردنی تێچووی ئەوەی ناویان ناوە "وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکان".
ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنجڕاکێشە، ئاماژەکردنە بە دزەکردنی فڕۆکەیەکی کۆنی ئێرانی لە جۆری (F-5) بەناو بەرگرییە پێشکەوتووەکاندا و بۆردومانکردنی بنکەیەک لە کوێت، ئەمە پرسیاری "ئازاربەخش"ی لەسەر کارایی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە ملیۆن دۆلارییەکان، دروست کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاشکراکردنە، ڕۆژنامەی "تایمز" پەنجەی خستووەتە سەر برینەکە و بە پێویستی دەزانێت بگوترێت واشنتۆن لە "ساتەوەختی شکست"دایە، لە خۆگونجاندن لەگەڵ جەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هەرزانەکاندا کە لەلایەن دەوڵەتێکی خاوەن سیستمهوه (ئێران) بەڕێوە دەبرێت، نەک تەنها لەلایەن ڕێکخراوە چەکدارەکانەوە.
لە کاتێکدا مووشەکەکانی پاتریۆت، کە تێچوویان بە ملیۆنان دۆلارە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەخەنە خوارەوە کە تێچوویان تەنها چەند هەزار دۆلارێکە، ئەمریکا خۆی لە "جەنگێکی بێ کۆتایی"دا دەبینێتەوە، جهنگێك تێچووی رۆژانهی نزیكهی 2 ملیار دۆلاره.
ئەم دۆخە تاڵەی مەیدانی شەڕ، مشتومڕێکی سیاسیی گەرمی لە ناو واشنتۆن دروست کردووە، دەربارەی سوودی مانەوەی بنکەکانی ئەمریکا لە "مەودای نیشانەی" ڕاستەوخۆی ئێراندا.
PM:02:39:28/04/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت